سەرانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر خۆیان لە حکومەتی ھەرێم جیاکردەوە
ھەڵوێست میرانی
بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەند لە گفتوگۆی بەردەوام دان ، کەشێکی ئەرێنی باڵی بەسەر پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا کێشاوە ، وەک دەردەکەوێ نیەتێک ھەیە بەغداو ھەولێر بە ئاراستەی ڕێککەوتنی یەکجارەکی ببات.
ئەم گفتوگۆ چڕ و پێشکەوتنە دیپلۆماسیانەی نێوان ھەولێر و بەغدا دوای ئەوە ھات عادل عەبدولمەھدی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستبەکار بوو ، ڕابردووی عەبدولمەھدی و تێڕوانینە ئەرێنیەکانی بەرامبەر داخوازیەکانی کورد ، وە لە بەرامبەردا پەرۆشی حکومەتی ھەرێم بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ئەو کەشەی دروست کردووە .
ئەگەرچی لەمپەرەکان زۆرن بەڵام مادام ئیرادەیەک ھەیە دەیھەوێ بە ئامانجی نەھێشتنی بەربەستەکان ھەنگاو بھاوێژێ دەکرێ گەشبین بین بەرامبەر بە چارەسەرکردنی کێشەکان .
شاندی سەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە بەغدان
لە مێدیاکانی یەکێتی بڵاو کراوەتەوە کە شاندێکی یەکێتی بە سەدانێک لە بەغدایە ، ئەگەرچی یەکێتی بەشداری حکومەتی ھەرێمە و جێگری سەرۆک وەزیران و چەند وەزیرێک لە پشکی یەکێتین ، وە بڕیاڕیشە شاندێکی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی پرسی چارەسەر کردنی کێشەکان .بەڵام ئەو شاندەی یەکێتی لە دەرەوەی حکومەتن و ھیچ بەرپرسیاریەتێکیان لە حکومەت و دامەزراوە یاساییەکانی ھەرێم نیە ،ئەوانیش پێکھاتوون لە بافێڵ جەلال تاڵەبانی و ئاراسی شێخ جەنگی ، شاندەکە لە گەڵ بەرپرسە باڵاکانی بەغدا کۆبوونەتەوە و ئەوەی لە مێدیاکانی نزیک لەوانەوە دەبیسترێ و دەخوێندرێتەوە گوایە ئەو سەردان و گفتوگۆیانە پەرۆشی یە لە پێناو ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا ، بەڵام ھەڵسوکەوتی کاراکتەرەکانی ناو شاندەکەی یەکێتی کە بافێل و ئاراسن قابیل بە خوێندنەوەی تر و لێکدانەوەی ترە .
ئەو دوو کاراکتەرە لە ماوەی ڕابردوو سەوداکانیان لەگەڵ بەغدا بەئاراستەی دژایەتی کردنی خواستەکانی ھەرێم بووە ، بەتایبەت لە سەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کە لەگەڵ چەند کاراکتەرێکی ناو یەکێتی (لاھور شێخ جەنگی ، ئاڵا تاڵەبانی ) و ئەوانەی تری چواردەورەیان ھەوڵەکانیان چڕ کردبۆوە تا ھەڵبژاردن لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی سنوری ئیدارەی ھەرێم ئەنجام نەدرێ ، دوای ئەوەی ھەوڵەکانیان لە لایەن ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە نەزۆکی ھێڵرایەوە و لە کەرکوک ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و دەنگی بەڵێ بەڕێژەیەکی زۆر و بەرچاو سەرکەوت .
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەرکەوتنی دەنگی بەڵێ لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەو کاراکتەرانەی لەسەودا کردن لەگەڵ بەغدا نەوەستاند ، بەڵکو لە ڕێگای پیلانێک لە پێناو وەستاندنی پڕۆژەی سەربەخۆیی ھەر یەک لە بافێڵ تاڵەبانی و ئاراس شێخ جەنگی و لاھور شێخ جەنگی لە ڕێگای ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێر لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشو حەیدەر عەبادی و سەرانی حەشدی شەعبی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر کەرکوکیان فرۆشت و تەسلیمیان بە چەکدارانی حەشد کرد و خیانەتیان لە دەنگدەرانی کەرکوک و خەڵکی کوردستان کرد.
جوڵەکانی بافێڵ و ئاراس جێگای مەترسین .؟
وەک باسم کرد ماوەیەکە کەشێکی دۆستانە لە نێوان ھەرێم و بەغدا لە ئارادایە و نیەتێک بۆ چارەسەر کردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان دەبینرێ ، بەمەبەستی لەبار بردنی ئەو کەشە و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لای ھاوڵاتیان ئەو مێدیایانەی لە لایەن سەرانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە ئاراستە دەکرێن و سەپۆرتی ماددی دەکرێن ھەڵمەتێکی چڕی ڕاگەیاندنیان دەستپێکردووە کە وا پیشانی خەڵک دەدەن کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا قوڵتر دەبنەوە و ھەرێم دۆخی ئابوری بەرەو خراپتر دەچێت ، ھەرێم نیەتی چارەسەر کردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا نیە . ئەمانە و دەیان چیڕۆکی تر کە بەداخەوە ھەندێک لە پەرلەمانتاران ، بەرپرسان و مێدیا ئەھلیەکان کەوتوونەتە ژێر ئەو ھەژموونە چەواشەکارانەیە و بە ئاراستەی ئەو ھەڵمەتە لێدوان دەدەن و ھەواڵ بڵاو دەکەنەوە ، کە لەڕاستیدا گفتوگۆکان ئەرێنین و وەک دەبینرێ دۆخی ئابوری ھەرێم بەرەو باشی چووە و لە ئەگەری بەردەوامی گفتوگۆکان دۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوا .
ترسی خەڵک لە شاندی سەرانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر لە بار بردنی ئەو کەشە لەبارەیە وە ڕەواندنەوەی ئەو قەناعەتەیە کە بەرپرسانی بەغدا بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان ھەنگاویان ناوە ئەویش لە ڕێگای ڕێککەوتن و سەفقەی ژێر بەژێر لەگەڵ بەشێک لە بەرپرس و دەستڕۆیشتوانی بەغدا کە دژ بە خواستەکانی ھەرێمی کوردستانن ،چونکە لە دوای خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر ھەوڵێک ھەبووە تا سلێمانی و گەرمیان لە ھەرێم داببڕێنن و بخرێنە سەر بەغدا بەڵام ئەم ھەوڵە لە لایەن بەرپرسانی بەغداوە ڕەتکراونەتەوە و بە نادەستوری وەسفکراون .