شاندی سەرانی 16ی ئۆكتۆبەر لە بەغدا چیان پێ گوتراوە
بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە، شاندێك بەسەرۆكایەتی پافل تاڵەبانی بەیاوەری ئاراس شێخ جەنگی سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ سەركردە عێراقیەكاندا، كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە”.
بەگوێرەی زانیاری میدیاكان، ئەم شاندە بۆ هەماهەنگی زیاتر حزبی بووە لەگەڵ پێكهاتە سیاسیەكانی عێراق، بەڵام بەگوێرەی میدیاكانی سەر بە پەكەكە، بافل تاڵەبانی لە هەوڵی ئەوە بووە كە دەرز بخاتە نێوان رێكەوتنی هەولێر و بەغدا و بە سەركردە عێراقیەكانی گوتووە، كە مامەڵەی جیاواز لەگەڵ سلێمانی بكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا لەبارەی سەردانەكەی بافل تاڵەبانی بەخواكوڕكی راگەیاندووە، كە سەردانەكە بۆ بەشێك لە رێكەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر بووە كە بافل تاڵەبانی بۆ جێبەجێ كردنی بەڵێنەكانی سەركردە عێراقیەكان لەبارەی رێكەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر سەردانی بەغدای كردووە”.
سەرچاوەكە لەبارەی رێكەوتنەكە ئاشكرای كردووە، كە رێكەوتنەكە لەسەر ئاستی سێ رەهەندی جیاواز بووە، یەكەمیان ئاستی سەربازی و شاری كەركووك، دووەم، ئاستی ئابووری و بودجەی تایبەت بۆ سلێمانی و ئاستی سێهەم پاڵپشتی بەغدا بۆ ناوەخۆی یەكێتی و پشگیری كردن لە سەرانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ پۆستی باڵا لەناو یەكێتی دا”.
سەرچاوەكە گوتیشی دوای شكەستی ئابووری و سەربازی و شاری كەركووك، كە لەرێكەوتنەكەدا، دەبا بەغدا كەركووك بگەرێنێتەوە بۆ دۆخێكی تر بۆ یەكێـتی و پارێزگارێكی یەكێتی دەستبەكار بێت وەك ئەوەی ئاراس جەنگی گوتی ناوی پارێزگاری كەركووك لە گیرڤانم دایە، بەڵام ئەوە شكەستی هێنا، لەرووی ئابووریشەوە، دەبا بەغدا بە پێی رێكەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر، دەبا بوودجەی تایبەتی كەركووك و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بنێرێت بۆ سەرانی 16ی ئۆكتۆبەر بەڵام ئەوەش شكەستی هێنا.
لە ئێستادا سەردانەكەی بافل تاڵەبانی بۆ ئەوە بووە، كە دوا بەشی رێكەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەكەی خواكوڕك لە بەغدا، سەرانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ ئەوە هاتوون تا بەغدا و سەركردەكانی عێراق هاوكاریان بن بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵای ناو یەكێتی بەتایبەتی بافل تاڵەبانی كە ئێستا چاوی لە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتیە، ئەم سەردانەش بۆ ئەوە بووە كە بەغدا بەشی پشگیریەكانی لە رێكەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر جێبەجێ بكات”.