ھۆکاری دواکەوتنی پارەکەی بەغدا بۆ مووچە ئاشکرا دەکرێت

جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ھۆکاری دواکەوتنی پارەکەی بەغدا بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ئاشکرا دەکات و راشیدەگەیەنێت: بەر لە کۆتایی ئەم مانگە، پارەکە رەوانەی ھەرێم دەکرێت.

د.بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: وەزیری دارایی حکومەتی عیراق، دەتوانێت ھەموو مانگێک لەیەک وادەدا ئەو پارەیەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تەرخانکراوە، رەوانە بکات، بەڵام ئەو داھاتەی کە دەگاتە دەستی وەزارەتی دارایی، مەرج نییە لەیەک کاتدا بگاتە ھەرێمی کوردستان.

وتیشی: یەکێکی دیکە لەگرفتەکان ئەوەیە کە زۆرکات بەھۆی نەبوونی پارەی نەختینەی پێویست، یاخود دواکەوتنی ناردنی پارە لەبانکی ناوەندییەوە بۆ وەزارەتی دارایی، نادرنی پارەکەش بۆ ھەرێم دوادەکەوێت، بەڵام ھەرچۆنێک بێت پارەکە تاپێش کۆتایی مانگ دەگاتە ھەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد ئەو کێشەیە تەنھا لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵکو زۆربەی پارێزگاکانی عیراق کێشەی درەنگ گەیشتنی پارەیان ھەیە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە دوو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فڕۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دووەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.

 

Back to top button