پەکەکە گەنجێکی بە برینداری ڕفاندووە

 

 

شەوکەت عەلی ڕەزگەیی ، ناوی گەنجێکی کۆمەڵگای سیرێیی سەر بە ناحیەی شیلادزێیە کە ماوەی ١٤ رۆژ لەمەوبەر ، لە کاتی سەردانی بۆ لادێکانی ناوچەکە ، لە لایەن هێزەکانی پەکەکە تەقەی لێدەکرێت و پاشان بە برینداری دەیڕفێنن .

 

شوکری عەلی ، براگەورەی گەنجە ڕفێندراوەکە بۆ ڕاگەیاندنەکانی ئاشکرا دەکات ، شەوکەت سەردانی گەلی باڵندانی ناحیەی شیلادزێی کردووە ، لە کاتژمێر ٤ ی دووا نیوەڕۆ ، هێزەکانی پەکەکە تەقەی لێدەکەن و برینداری دەکەن ، بە پێی شایەتحاڵانی گوند لە دووای بریندار بوونی هێزەکانی پەکەکە دەگەنە سەری و بە برینداری دەیبەن و تا ئیستا ماوەی ١٤ رۆژە بێ سەرو شوێنە .

 

شوکری باس لەوە دەکات تا ئیستا چەندین جار داوایان لە پەکەکە کردووە براکەیان رادەست کاتەوە بەڵام هیچ وڵامێکیان پێنەداوەتەوە .

 

هەر لەم بارەوە رائید عەشقی محەممەد به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ناحیه‌ی شیلادزێ لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێران دەڵێت ئێمە ناراستەوخۆ ئاگاداری ئەم بارو دۆخەیین بەڵام کەس و کاری ئەو گەنجە بە فەرمی داوایان تۆمار نەکردووە و ئێمەیان بە فەرمی ئاگادار نەکردۆتەوە ، بۆیەش بە دووا داچوونمان بۆ نەکردووە کە ڕەنگە هۆکاری سکاڵانەکردنی ئەو بنەماڵەیە ، هەڕەشەی پەکەکە بێت بە سەریانەوە

Back to top button