مه‌حمود سه‌نگاوی: به‌ 6 دۆشكه‌و 30 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی له‌ هه‌ولێر ده‌یویست به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی بكات

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌یویست به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكات به‌ڵام به‌ هێزێكی زۆر كه‌ نزیك سه‌د و په‌نجا پاسه‌وان و سی ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و 6 دۆشكه‌ ده‌یویست بێته‌ ناو هه‌ولێر و له‌ سماقوڵێ رێگری له‌و هێزه‌ زۆره‌ كراوه‌.

 

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ده‌زگای میدیایی خواكوڕك ئه‌مڕۆ مه‌حمود سه‌نگاوی به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری كردنی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی ده‌یویست سه‌ردانی هه‌ولێر بكات، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی هێزێكی زۆری له‌گه‌ڵ بووه‌ به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ رێگه‌ی پێنه‌دراوه‌ بێته‌ هه‌ولێر و پێیان گوتووه‌ خۆت و پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانت ده‌توانن بچن به‌ بێ بردنه‌ ناوه‌وه‌ی چه‌كی قورس.

سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی خواكوڕك ئاشكراشی كردووه‌: كه‌ مه‌حمود سه‌نگاوی هێزێكی 150 كه‌سی و به‌ 30 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و 6 دۆشكه‌و ژماره‌یه‌ك چه‌كی دیكه‌ی قورس ده‌یویست بچێته‌ هه‌ولێر دواتر له‌ سماقوڵێ پێی گوتراوه‌، ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ پێویست نیه‌، ده‌توانی خۆی و پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانی بچن به‌ڵام رێگه‌ به‌و هێزه‌نادرێت كه‌ به‌ چه‌كی قورس بچێته‌ نێو پایته‌خت.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشی مه‌حمود سه‌نگاوی له‌ بازگه‌ دابه‌زیوه‌و رێزی لێگیراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌وێ چایه‌یی خواردووه‌، دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سلێمانی.

رووداوه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان هاوڵاتیان نوسیویانه‌، مه‌گه‌ر به‌شداری كردن له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و هه‌موو هێزه‌ی بۆچیه‌؟ هه‌ندێكیشیان به‌ ته‌نزه‌وه‌ بۆیان نوسیووه‌ ویستوویه‌تی بچێته‌ گه‌رمه‌ سێر ، به‌ڵام رێگای ونكردوه‌ ئه‌گینا بۆ نێو هه‌ولێر 150 چه‌كدار و 6 دۆشكه‌ی بۆچیه‌؟.

Back to top button