مەسرور بارزانی : پێویستە بەغدا وەک هەرێمێک لە کوردستان بڕوانێت نەک پارێزگایەک

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پەڕاوێزی یەکەم خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک ، مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ محەممەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبۆوە .

 

لەم دیدارەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم کۆبوونەوانە بەدەرفەت ناودەبات بۆ لێک تێگەیشتنی زیاتر و خۆشحاڵی خۆشی بۆ پێشکەوتنەکانی کوردستان دەردەبرێت .

 

حەلبووسی هاوکات پێوەندییەکانی ئێستای هەرێم و بەغدا بە ئەرێنی دەزانێت و هیوا دەخوازێت بە هاوبەشی کێشەکان چارەسەر بکرێت و هاووڵاتیانی کوردستانی و عێراقی سوودی لێ ببینن .

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا حەلبووسی باسی هەندێک ڕاگەیاندنی ئالۆزی رۆژنامەکانی عێراق دەکات لە دژی هەرێمی کوردستان و دەڵێت ، ئەم هەواڵ و لێدوانانە هەوڵێستی فەرمی بەغدا نین ، چوونکە هەڵویستی بەغدا لە هەنبەر کوردستان زۆر جیاوازترە .

 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر قسەکانی حەلبووسیدا گووتی : ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاواتە خوازین هەموو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا  لە ڕێگەی دەستوورەوە چارەسەر بکرێت ، چوونکە سەرکەوتنی کوردستان سەرکەوتنی گشتی عێراقی تێدا بەدی دەکرێت .

 

لە کۆتایی قسەکانیدا مەسرور بارزانی وێڕای ئەوەی پێداگری لە پلانە هاوبەشەکانی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ‌هێزەکانی عێراقی کرد بۆ لە ناو بردنی پاشماوەکانی داعش گووتیشی پێویستە مامەڵە کردن و تێڕوانینی بەغدا بۆ کوردستان وەک هەرێمێک بێت نەک وەک پارێزگایەک .

Back to top button