بەرپرسێكی ئەمنی هەولێر : تەقەكردن لە بارەگای حزبێكی تر كلتوری هەولێر نیە, هێزە ئەمنیەكان راسپێردراون تەقەكەرەکە لە زووترین كات دەستگیر بكرێت
دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە سلێمانی تەقە لە بارەگایەكی پارتی كرا لە سلێمانی, ئێوارەی ئەمڕۆش تەقە لە بارەی كۆمیتەی 4 و 5ی یەكێـتی لە هەولێر كراوە, بەر پرسێكی ئەمنیش رایدەگەیەنێت تەقەكردن لە بارەگای هەر حزبێك لە هەولێر قبولكراو نیەو كلتوری هەولێر نیە بۆیە لە زووترین كات تەقەكەرە کە دەستگیر دەكرێـت و دەدرێـتە دادگا.
بەرپرسێكی ئەمنی هەولێر كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە دەزگای میدیایی خواكوڕكی راگەیاند:” بەداخەوە خەریكە تەقەكردن لە بارەگا حزبیەكان دەبێتە دیاریدەو چەندین جار تەقە لە بارەگاكانی حزب و لایەنەكان كراوە لە شارو شارۆچكەكان بە تایبەت شەوی رابردوو لە بارەگای پارتی لە سلێمانی وئەمشەویش لە بارەگای یەكێـتی لە هەولێر, ئەوەی پەیوەندی بە ئەمنیەتی هەولێرەوە هەیە بۆئێمە لەسەرووی هەموو شتێكەوەیەو رێگا نادەین هیچ كەسێك ئەو كلتورەی كە نامۆیە بە شاری هەولێر بێنێـت لە هەولێر جێبەجێی بكات”.
ئەو بەر پرسەی ئەمنیە گوتیشی:” لە ئێستادا هێزە ئەمنیەكان لە ئەركدان و بەدوای بكەری تەقەكردنە دەگەڕێن, دوای دەستنیشانكردنی شوێنی دەستگیر دەكرێـت و رووبەرووی دادگا دەكرێـتەوە, چونكە ئەگەر ئەو كەسە دەستدرێژی بۆ سەر بارەگایەكی حزبیش كردبێـت دواجار دەستدرێژی بۆسەر ئەمنیەتی هەولێریش كردووە كە ئەمە قابیلی قبول نیە”.