وادەزانن هەموو جار بۆیان دەچێتە سەر!

کاوە میران

ناخۆشترین نووسین ئەوەیە، وەڵامی كەسێكی نابەڵەد بدەیتەوە، بەتایبەتی كە ئەو كەسە هەرچی لەسەری بنووسی لێی خەسار بێ. سەرتیپ جەوهەرناوێك کە لەم دواییانەدا، لە ناو مەعمەعەی میدیای سێبەر و فەوزادا هەڵتۆقیوە، بۆ دەستخۆشیی لاباڵێكی توندڕۆی حزبەكەی، وتاری بێسەروبەر دژی پارتی بڵاو دەکاتەوە، لە دوایین وتاردا دەڵێ: (پارتی شكستی بە ڕێككەوتنی دانانی پاریزگاری کەرکووک هێناوە، کۆمەڵێ فاڵی دیکەشی گرتۆتەوە و خەیاڵی بێ بنەمای لە خەیاڵدانی بەتاڵی خۆیدا هەڵبەستووە و ناوی ناون زانیاری. ئەوانەی لە هەڵوێستەکانی پارتی نەگەیشتوون، باشە تێ بگەن کە ئەوەی لەم ماوەیە لە لایەن پارتییەوە دەبینرێ، کاردانەوەیە، ستۆپ پێکردنە بە هەموو ئەو جموجۆڵە گوماناویی و ڕێککەوتنە ژێربەژێرانەی کە باڵەکانی حزبەکەی کاکی وتارنووس، بێ گەڕانەوە بۆ لایەنە کوردستانییەکان دەیکەن. بۆ نموونە: ئەو ڕەفتارە نەشیاوانەی لە دوای ڕێککەوتنی لایەنەکان لە پارێزگای هەڵەبجەدا یەکێتی کردی، بەڵێ کاردانەوەیە بەرامبەر ئەو بێ بەڵێنی و هەڵسوکەوتە نادروستانەی لەملاولەولا بەرامبەر پارتی دەیکەن. كاردانەوەیە بەرانبەر ئەوانەی قسەیان تا چەناگەیان بڕ ناكات و لێرە رازی دەبن و رێك دەكەون و تۆزێك لەولاترەوە پاشگەز دەبنەوە و بەڵێن و قسەی خۆیان دەخەنە بن پێیانەوە.

دەبی بزانن ئەوەی کردووتانە و ئێستاش دەیکەن، وا نەزانن بۆتان دەچێتە سەر و بێ کاردانەوە دەبێ، دەبێ ئەنجامەکەی ببیننەوە! ئاخر لە ئانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، دوای پشودرێژییەکی زۆر، پارتی زیاتر لە حەجمی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پۆستی بەو حزبانەدا کە بەشداربوون لە کابینەکەدا، بەتایبەت یەکێتی، بەڵام وەختێک پشکەکانی پارێزگای هەڵەبجە دابەش دەکرێ، حسابێک بۆ پارتی ناکرێ! ئەوەی لە بارەی دانانی پارێزگاری کەركووكیشەوە باس دەکرێ، تەنیا بۆ چەواشەکاری و لە بیربردنەوەی هۆکاری ئەو دۆخەی کەركووكە، بابەتەکە بۆتە گرێیەکی دەروونی لە ناخی بەشێک لە هاودیدەکانی وتارنووسی گۆرین.

پارتی هەر لە سەرەتاوە ڕاگەیاندووە، کە پێویستە دۆخی کەركووك ئاسایی بکرێتەوە، ڕاستە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە نێوان پارتی و یەکێتی پێویستە، لێ ئەم بابەتە تەنیا پەیوەست نییە بە پارتی و یەکێتی، بەڵکو پەیوەستە بە دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و پێکهاتەکانی دیکەی شارەکە، لەو بارەیەوە هەنگاوی باشیش نراوە. بەڵام پرسیاری جیددی ئەوەیە: کێ بەرپرسە لەو کارەساتەی بەسەر کەركووك و کەركووكییەکاندا هاتووە؟ ئێوە کە ئێستا ئەوەندە پێداگری لە سەر پارێزگارێکی کورد دەکەن بۆ کەركووك!! ئایە پارێزگاری پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر کورد نەبوو؟ ئەی هەر حزبەکەی ئێوەش نەبوو، کاڵفامەکانی حزبەکەت، بە ڕێککەوتنی پڕ لە شەرمەزارییەوە بە عارەبێکی شۆڤێنیان گۆڕییەوە و دەستەڵاتی حزبەکەیان و کوردیان لە شارەکەدا سفر کردەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئاڵای عێراق لەبری ئاڵای كوردستان بخرێتە نێو لەپی پەیكەری پێشمەرگەكەی سەر رێی كەركووك و لە هەموو جێیەكیش بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان بكرێت و دەبابە جەستەی پێشمەرگەمان بشێڵێ؟

Back to top button