سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری دهۆك لە قوتابخانەی ڕێباز یەكەمین زەنگی نوێى خوێندن لێدرا.
ئەمڕۆ شەممه، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات و بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قوتابخانەیەكی شاری دهۆك زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو قوتابییان و مامۆستایان دەكەم، پێویستە قوتابیان بزان خوێندن هۆكارێكە بۆ ئەوەی كەسایەتییەكی بەهێز بۆ خۆیان دروست بكەن.
سەرۆكی حكوومەت گوتی، پێشبردنی پەروەردە كاری هەموو لایەكە و لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت زیاتر گرنگی بە خوێندن دەدەین وە سوپاسی مامۆستایان دەكەین لە شەڕی داعش بەردەوام بوون و دەستبەردای پەروەردە نەبوون.
ڕوونی كردەوە، خوێندن سەرەتاییەكی باشە بۆ قوتابییان بۆ ئەوەی ژیانی داهاتووی خۆيان دابین بكەن و داهاتووی ئەو وڵاتە لە دەست قوتابییانە بۆیە ئەگەر لەسەر ئاستێكی باش خۆيان بنیات بنێن ئەوا لە داهاتوو زیاتر خزمەتی وڵات دەكەن.
لە كۆتایی پەیامەكەی گوتی، هیوای سەركەوتن بۆ هەمووتان داخوازم.