وتەبێژی پارتی: پێویتە رێگا نەدەین رووداوەكان ببنە رێگر لە بەردەم يەكڕیزی نێوان پارتی و یەكێـتی
دوای ئەوەی لە سنوری بازگەی سماقولی بازگەی هێزە ئەمنیەكان رێگایان نەدا مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێـتی بە چەكی قورسەوە بچێتە نێو هەولێر, یەكێـتی لە زاری وتەبێژەكەی نیگەرانی خۆی راگەیاندو دوای چەند كاتژمێرێك لە سلێمانی تەقە لە بارەگای لقی چواری پارتی كرا, وتەبێژی پارتیش رایدەگەیێنێت نابێت ئەو رووداوانە كاریگەری لەسەر پەیوەندی پارتی و یەكێـتی بكات.
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە، ئەوەی روویداوە پرسی لاوەكین و پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو پرسە لاوەكییانە تێبپەڕێنن كە دێنە پێشەوە.
هەروەها وتەبێژی پارتی راشیگەیاند، پێویستە هەموو لایەك هەول بدەین ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوەو دەبێت رێگەنەدەین ئەو رووداوانە ببنە رێگر لەبەردەم یەكڕیزی نێوانمان.
مەحمود محەمەد گوتیشی، هەردوولامان دەبێت هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانمان بدەین، تاوەكو لەو رێگەیەوە بتوانین خزمەت بە هەرێمی كوردستان بكەین.