سەرۆك بارزانی سەردانی یەکیتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانی کرد

کەمێک پێش ئێستا سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی بارەگای یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو یەکێتییە کۆبوویەوە.

دۆینێ شەممه‌ 49یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لەسەر دەستی بارزانی نەمر بوو و بەو بۆنەیەوە سەرۆک بارزانی لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی دامەزراندنی ئەو یەکیتییەی کرد.

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتبوو، بەبۆنەی چل و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و مامۆستایان و هەموو گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا دووپات لەوە کرایەوە، دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی كاریگەر بوو بۆ یەكخستن و پەرەپێدانی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خەڵك و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و خواناسی لە كوردستان. مامۆستایانی ئایینی لە هەموو قۆناغەكاندا ئەو ڕۆڵەیان زۆر بە شاییستەیی گێڕاوە و ئەرك و ماندووبوونیان جێگەی ڕێزی هەموو لایەكە.

“پێزانینم هەیە بۆ هەڵوێست و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینیی بەڕێزی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و گومڕایی و هەروەها پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و دەستخۆشییان لێ دەكەم” لە پەیامەکەدا وا نووسرابوو.

Back to top button