محەمەدی حاجی مەحموود داوایەك لە پەرلەمانی كوردستان دەكات
محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پێویستە پەرلەمان ڕۆڵی لە یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنووسسازەكاندا هەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ یەك شەممه 22ی ئەیلوول، محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لە دیدارەكەدا دووپاتی كردووەتەوە كە ئەوان نوێنەری خەڵكی كوردستانن و پارێزەری ئەو تەباییە دەبن كە لە پەرلەمانی كوردستاندا هەیە.
دواتر محەمەدی حاجی مەحموود باسی لە گرنگی رۆڵی پەرلەمانی كرد كە دەزگایەكی گرنگە. داوایشی كرد، پەرلەمان لە یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنووسسازەكان بەتایبەت ئەو پرسانەی كە پێوەستن بە سەروەریی خاكی كوردستان و ژیان و بژێویی خەڵكی كوردستان ڕۆڵی هەبێت.
سەرۆكی پەرلەمان گوتوویەتی، لە پێشینەی كاركردنمان بریتییە لە دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان و پەسەندكردنی ئەو یاسایانەی كە لەم قۆناغەدا گرنگن و دەچنە خزمەت خواست و داخوازییەكانی خەڵك.