بە تۆمەتی ناو زڕاندن دادگا پەرلەمانتارێكی گۆڕان بە 13 ملیۆن دینار سزا دەدات
دوای ئەوەی لە رۆژی 25-3-2018 د.شایان عەسكەری كە ئەو كات وەك پزشكێكی نەخۆشخانەی نانەكەلی لەسەر دواكەوتنی مووچە بەشداری خۆپیشاندانێكی كرد و لەگەڵ دووكەس بوو بە كێشەیان. د.شایان وێنەی ئەو دوو كەسەی بڵاوكردەوە، ئەو دوو كەسە بە تۆمەتی ناوزڕاندنیان لە دادگا سكاڵایان لەسەری تۆمار كرد, دواتریش بە تۆمەتی ناوزڕاندن دادگای هەولێر بە بڕی 13 ملیۆن دینار سزای پەرلەمانتارەكەی گۆڕانی دا..
د.شایان عەسكەری، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی سزاكەی رایگەیاند: دادگا بڕیاریدا بە سزادانی من لەسەر سكالای دوو كەس كە لە سالی 2018ڤیدیۆكانیان لە كاتی خۆپیشاندان بڵاوكرایەوە, بە تۆمەتی ناوزڕاندن سزا دراوم,بەپێی بڕیاری دادوەر سزادانەكە دوو ملیۆن دیناری بۆ پارێزەرانی ئەو دوو كەسەیە، شەش ملیۆن دیناری بۆ كەسێك و پێنج ملیۆن دینارەكەی دیكەش بۆ كەسی سێیەم دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاری دادگا تەمیز ناكاتەوە ئامادەیە بڕی پارەكە بدات و دەبێت لە ماوەی حەوت رۆژدا بڕی پارەكە بدات، بەڵام هەوڵدەدات پێدانی پارەكە بەپێی یاسا بۆ دوو مانگ دوابخات و دەڵێت: “من گلەییم لە دادوەرەكان نییە، بەڵام بڕیارەكە نادادپەروەرانەیە”.