ترەمپ لە نەتەوە یەکگرتووەکان : گوشار و گەمارۆکان بۆ سەر ئیران چڕتر دەبنەوە

 

سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە حەفتاوچووارەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکدا گووتی دەسەڵاتی ئێران یەک لە هەرە گەورەترین هەڕەشەکانی ئاسایشی جیهانییەو جیا لە مەرگ و ماڵویرانی هیچی بۆ مرۆڤایەتی پێنەبووە .

 

ترەمپ کەهاوکات دووپاتی کردەوە ئێران یەکەم پشتیوانی بەهێزی تیرۆریزمی جیهانییە گووتی ئێران بە بەردەوامی ئاگری شەڕ لە یەمەن و سووریا خۆش دەکات و بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیش خوێنی هاووڵاتیانی ئێرانی دەمژێت .

 

دوواتر وەک پێشوو ڕەخنەی لە وڵاتانی واژوو کەری رێکەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران گرت وگووتی  ئەم رێکەوتنە نەیدەتوانی ڕێگری لە ئێران بکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕانەگات ، بۆیەش درەنگ یان زوو هەر دەبوو ڕێکەوتنەکە هەڵوەشێتەوە .

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئێرانی بە تاوانباری سەرەکی ناساند لە هێرشی سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی سعوودیا و گووتی هەربۆیەش بەهێزترین گەمارۆمان خستە سەر ئێران و بانکی ناوەندی ئێرانمان کردە نیشانەی ناو لیستی گەمارۆکان .

 

لە کۆتاییدا گووتی تا ئیران لە سەر ئەم شێوە سیاسەتەی بەردەوام بێت ، ئێمەش بەردەوام دەبین لە سەپاندنی گەمارۆی زیاتر

Back to top button