په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ یادی ڕیفراندۆم و په‌یڕه‌وی ناوخۆ كۆده‌بێته‌وه‌

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری داوە ئەمڕۆ چوارشەممه‌ كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان، كۆ ببێتەوە و سەرۆكی پەرلەمان لەوبارەیەوە گوتارێك پێشكەش بكات.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان كە ڕۆژی دووشەممه‌ 23ی ئەیلوول بڵاو كراوەتەوە تیایدا هاتووە، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری دا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە دووی ئاسایی ساڵی یەكەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بڵاو بكاتەوە كە سەعات 11ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەم 25ی ئەیلوول بەڕێوە دەچێت.

لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا هاتووە، سەرۆكی پەرلەمان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دووەمی پرسی سەربەخۆیی كوردستان (ریفراندۆم) كە لە 25/9/2017 لە هەرێمی كوردستان و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام درا، وتارێك پێشكەش دەكات.

لە بڕگەی دووەمی بەرنامەی كاریشدا هاتووە، خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یەكەمی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەبێت.

25ی ئەیلوول كە ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستانە كە 93%ی خەڵكی كوردستان داوای سەربەخۆییان كرد.

 

 

Back to top button