ئومێد خۆشناو: داوای ناساندنی ٢٥ی ئەیلوول بە ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان دەکا

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات، ڕۆژی ٢٥ی ٩ی ٢٠١٩ بە ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بناسێندرێت.

لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد، ڕۆژی ٢٥ی ٩ی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بناسێنرێت، هەرچەندە پڕۆژەیاسایەکیان لەم کاتەدا بۆ پێشنیازەکە ئامادە نەکردووە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت ڕێکارێکی خێرا بۆ ناساندنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بگرێتە بەر.

لە بەرامبەردا سەرۆکی  پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند کە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر رۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بدات، بەبێ ڕێکارەکانی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا بگیرێتە بەر.

داواکارییەکەی ئومید خۆشناو بۆ ناساندنی ٢٥ی ئەیلوول بە ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بەو بۆنەیەوە دێت کە لە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧دا گەلانی کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ٩٢.٧٪ی خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمێکی دیموکراسییانەدا، بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا.

لە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017 لە كۆبوونەوەیەکدا کە زۆربەی لایەنە سیاسییەكان و بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری سازكردنی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلولی ئەو ساڵەدا درا و سەرەنجام ڕێکەوتی ٢٥ی٩ی٢٠١٧ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕیفراندۆمی سەربەبەخۆیی کوردستان بە ئامادەبوونی چاودێرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە چوو و تێیدا 92.73٪ی خەڵکی باشووری کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا.

Back to top button