فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات رۆژی 25ـی ئەیلول بكرێتە رۆژی نیشتمانی گەلانی كوردستان
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوویەوە كە هاوكات بوو لەگەڵ دووەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمان وتارێكی پێشكەش كرد بەو بۆنەیە, رایگەیاند ریفراندۆم مافێكی سروشتی گەلی كوردستان بوو, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند كە پشتگیری وتارەكەی سەرۆكی پەرلەمان دەكەین, هەروەها داوا دەكەین كە 25ـی 9 بكرێـە رۆژی نیشتمانی كوردستان.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە وتارێكیدا رایگەیاند: ” لە نێو وتارەكەی سەرۆكی پەرلەمان وێڕای پشتگیریمان, پێشینیمان دەكرد باسی رۆژی نیشتمانی تێدا بوایە, چونكە لە رووی واقیعییەوە ئەم رۆژە بووە بە رۆژی میللی و دوو ساڵە كوردستانیان بە هەموو پێكهاتەكانەوە یادی دەكەنەوە و بڕیاری ریفراندۆمیش لەم پەرلەمانە دەرچووە”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی: ” پێویستە ئەو رۆژە لە رووی یاساییەوە بكرێتە رۆژی نیشتمانی چونكە لە لایەن خەلكەوە ە رووی واقیعی و میللی و نیشتمانی ئەم رۆژە بووە بە رۆژی گەلانی كوردستان و پێویستە پەرلەمان هەنگاوی بە كردەی كردنی 25ـی 9 وەك رۆژی نیشتمانی گەلانی كوردستان بهاوێژێت”.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و ئەو پەرچەكردارانەی كە هەبوون، دەیان پێشێلكاریی یاسایی و دەستووریی كران و تا ئێستاش بەردەوامن، بۆیە دەكرێت پەرلەمانی كوردستان هەنگاوێكی خێرا بگرێتەبەر و رۆژی 25ـی ئەیلول بكرێتە رۆژی نیشتمانیی گەلانی كوردستان”.