سەرکەوتنی دەنگی بەڵێ پەیامی ئاشتیخوازانەی کورد بوو

هەڵوێست میـرانی
سەرکەوتنی دەنگی بەڵێ لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کۆتایی بەو پرسیارەی داگیرکەرانی کورد هێنا کە بەردەوام دەیانگوت و دەیانگوتەوە ” نازانین کورد چی دەوێ .؟ ” .
لە 25 ی سیپتەمبەر دەنگی بەڵێی نیشتیمانپەروان وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و پێی گوتن بەڵێ ئێمە سەربەخۆییمان دەوێ ، بەڵێ دەمانهەوێ ئازادانە لە زێدی خۆمان ، لە خاکی باب و باپیرانمان بژین ، ئەو وەڵامەی سەروی سەدەیەکە دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین لە پێناویدا هەڵگیرسا ، ئەو وەڵامەی کورد لە پێناویدا دەکوژرێ ، خاکی دابەشدەکرێ ، دەخرێتە کونجی زیندان و دێهاتەکانی خاپور دەکرێ و تەعریب و تەتریک و بە فورس کردن بەرۆکی بەرنادا ، سەرکەوتنی دەنگی بەڵێ ئەو وەڵامە بوو پیرو گەنج بە پەرۆشەوە دایان بە نێوچەوانی داگیرکەران و پێیان گوتن خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو خاک و ئاوە ئێمەین نەک کەسی تر .
 
سەرکەوتنی پڕۆسەکە و دەنگی بەڵێ بۆمبێکی تەوقیتکراوی بێ زیانە بۆ گەلانی ناوچەکە و لەکاتی خۆیدا دەتەقێتەوە ، تەقینەوەی بۆمبی بەڵێ نەخشەی دەستکردی موستەعمەری سایکس بیکۆ تێک و پێک دەشکێنێ و مژدەی لە دایک بوونی کیانێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەیان دەکا، سەرەتایەک دەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە خوێن ڕشتن و کاولکاری و دەستی داگیر کەران لە خاکی پیرۆز دەبڕێ ، مژدەی ئۆقرەیی و ئاشتەوایی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەەبەخشێتە گەلانی ناوچەکە و پەیامی ئاشتیخوازی کورد دەگەیەنێتە تەواوی گەلانی ناوچەکە ، گەر ئێمەش دەرەنجامی ئەو پەیامە نەبینین ڕۆژێک دێ دێتەدی .
 
هاواری ڕیفراندۆمچیەکان هاوارێکی ئاشتیخوازانەیە ، نە دەمانهەوێ ناسنامەی هیچ گەلێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان بسڕینەوە ، نە خاکی کەس داگیرکەین ، لە کاتێکدا لە ڕابردوو و ئێستاش لە سەر خاکی خۆمان هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کورد دراوە و دەدرێ ، وە ژیان لە زێدی خۆمان بە ڕەوا نەبینراوە و نابینرێ .
 
بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ستۆپێک بوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمەی دەرهەق بە کورد دەکرێ و پەیامێکی ئاشتیخوازانە بوو بۆ داگیر کەران و نەیارانی سەربەخۆیی کە ئەمڕۆ یان سبەی هەر دەگەین بە مرازی سەربەخۆیی ..
Back to top button