هەرچییەك بڵێی حیسابی مرۆڤیشت بۆ ناكات
محەمەدحەكیمی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵ لەم ڕۆژانەدا لە مەحفلێك خۆی لێ بووەتە موحەلیلێكی دڵسۆز و، داگیركردنی كەركووك بە شتێكی باش دەزانێ و لەبارەی نامەكەی تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ سەرۆك بارزانی بە بێ مەعلوومات بە كەیفی خۆی بەناو كەوتووە.
جارێ بەر لە هەموو شتێك ئەوان نە لەشەڕی داعش و نە لە ڕیفراندۆم و نە لە ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر قسەیەكی خێریان بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە نەبووە. دەمیان نەگرت ڕۆژێك لە ڕۆژان ئیدانەی داعش بكەن و خەونی ئەوەیان هەبووە بیانكەنە والیی كوردستان. لە ڕیفراندۆمیش هەتا توانیان دژایەتیی ئیرادە و ویستی خەڵكی كوردستانیان كرد. ڕۆژێك لە ڕۆژان جورئەتی ئەوەیان نەبوو ئیدانەی سیاسەتی تاییفیگەریی شیعی بكەن و پەلاماری حەشد و حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای پاسداران بۆسەر خەڵكی كوردستان مەحكووم بكەن. ئەوان نەك تەنیا لەگەڵ نەتەوەكەیان بەڵكو لەگەڵ ڕدێن و بیروباوەڕیشیاندا ڕاستگۆ نەبوون.
ئەوەی لە كەركووك ڕووی دا بە پلەی ئیمتیاز خیانەتی نیشتیمانی وفرۆشتنی خاك و كردنەوەی دەرگە بوو بۆ ئەوەی تەوژمی فاشیستیی عەرەبی شیعە خاكی ڕەسەنی كوردستان داگیر بكات و ئێستایشی لەگەڵدا بێت، ڕدێنپانە سووننە سیاسییە كوردەكانیش لەبەرانبەر ئەو دەستدرێژەی جەشدی شیعی فزەیان لێ نەهات. مەبەستی پەلاماری شازدەی ئۆكتۆبەریش تەنیا كەركووك و دووز نەبوو ئەوان وەك داعش بە نیاز بوون هەرێمی كوردستان نەهێڵن بەڵام پێشمەرگە لووتی ئەوانی لە پردێ و سحێلا و تلسقۆڤ شكاند و وانەیەكی مێژوویی دایە هەموویان.
لەبارەی نامەكەی تیلەرسنیش، نامەكە نامەی سەرۆكی ئەمەریكا و بریتانیا و فرنسا و هتد نەبوو هەروەك محەمەد حەكیمی فەیلەسووفی ئاخیرزەمان باسی كردووە. نامەكە مسوەدەی نامەیەكی ئینشایی بێ مۆر و ئیمزای دوو بازرگانی سیاسی بەناوی مەكگورك و سڵیمەنی سەفیری ئەمەریكا بوو. كە یەكیان ترامپ هەر لە ئەساسەوە نەیدەناسی (مەكگورگ) و هەر خودی ترامپ دوای دوو سێ مانگ وەزیرە خاریجییەكەشی دەركرد.
لەنامەكەدا داوای دواخستنی ڕیفراندۆم كرابوو بۆ ماوەی دوو یان سێ ساڵ و ئەگەر دوای ئەو ماوەیە كوردستان ڕیفراندۆم بكات ئەو كات ئەمەریكا ئیحترامی ئەنجامەكان بگرێت. كاتێك سەرۆك بارزانی داوای كرد لەبری وشەی ئیحترام وشەی پاڵپشتی لەنامەكەدا بنووسرێت، ئەوان گوتیان گوڕینی ئەم وشەیە زەحمەتە و ناكرێ و سەرۆك بارزانیش پێی ڕاگەیاندن ئەگەر ئێوە نەتوانن یەك وشەبگۆڕن ئێمە چۆن دەتوانین ئیرادەی میللەتێك بگۆڕین.
ماوەتەوە بڵێین حەقوایە ئەو خەڵكەی شانازیی ئەوەی پێ نەبڕاوە بەشدار و پاڵپشتی ڕیفراندۆم بێت ، بەهیچ شێوەیەك بۆی نەبێت قسە لەسەر ئەم ڕووداوانە بكات. ئەوەی قوربانیی داوە دەتوانێ لەبارەی چارەنووسی میللەتەكەی قسە بكات نەك خەڵكی مونافیق و هەڵپەرست. ئەو پەڕی بێ مۆڕاڵییە ئۆباڵی سووتانی دووز و ڕاكێشانی جەستەی پیرۆزی خەڵكی دووز لەسەر جاددەكان بخەیە سەر شانی خەڵكی كوردستان و چاوپۆشی لە تاوانەكانی دوژمن بكەی. ئەو دوژمنەی حیسابی مرۆڤت بۆ ناكات ئەگەرچی بۆی بوویەتە محامییش.