ئەبوبەكر عەلی: بەشێك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەك هەر پەشیمان بونەوە لە ریفراندۆم، بەڵكو پێچەوانە كاری كرد

 

دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر رۆژی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان, ئەندامێكی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان پێی وایە پەیامی ریفراندۆم هێشتا شكستی نەخواردوه و دەڵێت: “ئەگەر 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە توشی ئەو شكستە نەدەبوین، توشی ئەو شەرمەزارییە نەتەوەییە نەدەبوین”.
 ئەبوبەكر عەلی، نوسەر و  ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند:”بڕوام بەسەربەخۆیی هەیە ئایندەمان لەگەڵ عیراقدا نییە، ئەگەر عیراق دەوڵەتێكی خۆشگوزەرانی وەك بەریتانیا بووایە ئێمە سكۆتلەندییەكان بوینایە ئاساییە داوای سەربەخۆیی بكەین چ جای لە عیراقێكدا كە دنیایەك كێشە و میلیشیا و داڕوخاوی تێدایە.”

راشیگەیاند:
ئەبوبەكر عەلی دەشڵێت: “دوای ڕوداوە مێژووییە گەورەكان و جەنگی داعش كە یەكێك بوو لەوانە ئێمە ئەگەر تەوافوقی ناوخۆمان هەبوایە و ڕوداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر نەبوایە ئێمە ئەو چارەنوسەمان نەدەبوو كە ئێستا هەمانە، خۆزگە ئێمە ساڵێك پێش ئەوە ریفراندۆممان بكردایە كە گەرمەی شەڕی داعش بوو شانسی سەركەوتن زیاتر دەبوو, بەشێك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەك هەر پەشیمان بونەوە لە ریفراندۆم، بەڵكو پێچەوانە كاری كرد.”

بە وتەی ئەو ئەندامەی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەگرتوو، “ئەگەر 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە توشی ئەو شكستە نەدەبوین توشی ئەو شەرمەزارییە نەتەوەییە نەدەبوین و چەند هەنگاوێك لەسەربەخۆیی نزیك دەبوینەوە “.
لە بەشێكی دیكەی وتوێژەكەدا ئەو نوسەرە جەختیكردوەتەوە كە شانازی بە ریفراندۆمەوە دەكات و رایگەیاندوە: “بەهیچ جۆرك نەك پەشیمان نیم شانازیشی پێوە دەكەم چونكە ئەوەی ڕویداوە بەهۆی منەوە ڕووی نەداوە بەڵكو بەهۆی ئەوەوە ڕویداوە كەخەڵكانێك لێپرسراوێتی نیشتمانیان نەگرتوەتە ئەستۆ تاسەر لەگەڵ پڕۆسەكە نەبوون و نەیانتوانی تەوافوق بپارێزن و لێپرسراوێتی بەرگریكردنیان نەپاراست”.
وتیشی: “ئەگەر چەند ڕۆژێك بەرگریمان بكردایە بەدڵنیاییەوە چارەنوسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان و كوردستان و ڕیفراندۆمیش بەوجۆرە نەدەبوو.”
رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ئەنجامدرا و بەپێی ئەنجامەكانیش 93%ی دەنگی بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆیی، دواتر حكومەت و پەرلەمانی عیراق چەندین بڕیاریان لە دژی هەرێمی كوردستان دەكرد و ئێوارەی رۆژی 29-9-2017 گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر راگیران.
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هێرشی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی هەرێم دەستی‌ پێكرد و هێزەكانی‌ پێشمەرگە لە شاری‌ كەركوك و دوزخورماتوو و داقوق كشانەوە و هێزە عیراقییەكان و حەشدی شەعبی ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵ‌ كردەوە و ئاڵای‌ كوردستانیان لەسەر بینای‌ پارێزگای‌ كەركوك داگرت و ئاڵای‌ عیراقیان لە شوێنی‌ هەڵكرد.
Back to top button