سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە دیداری خوێندکارانی زانکۆی کوردستان كرد
به ئامادهبوونی بهڕێز نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان، مامۆستا و قوتابی و كهسوكاری قوتابیان، له شاری ههولێر ڕێوڕهسمی دیداری دهرچووانی زانكۆی كوردستان ـ ههولێر بهڕێوهچوو.
له ڕێوڕهسمهكهدا سهرۆكی ههرێمی كوردستان وتهیهكی پێشكهش كرد، ئهمه دهقی وتهكهیهتی:
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئێوارەتان باش..
خۆشحاڵم كە ئەم ئێوارەیە لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا، بەشداریی ئەم ڕێوڕەسمە دەكەم. هەموو لایەكتان بەخێربێن. بەخێرهاتنێكی تایبەتی ئەوانە دەكەم كە ڕێگەیەكی دووریان بڕیوە و بەتایبەتی بۆ ئەم ڕێوڕەسمە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە، به خێر بێن.
ئەوەی زۆر مایەی خۆشحاڵییە، ئەوەیە كە ئەمڕۆ بەرهەمی (13) ساڵی پرۆسەی زانستیی زانكۆی كوردستان ـ هەولێر لێرە دەبینین. كە پرسیارم كرد بۆچی ئەم ڕێوڕەسمە خراوەتە ڕۆژی هەینی، كە ڕۆژی پشووە؟!
بە وەڵامەكە زۆر خۆشحاڵ بووم كە گوتیان: ڕۆژانی دەوام هەندێ لە ئێوەی بەڕێز لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناكرێت شوێنی كارەكەتان جێ بهێڵن، بۆ ئەوەی ئیشی كارگەیەك، كۆمپانیایەك، یان ئۆفیسێكی بەڕێوەبردن لەو شوینهی كه كاری لێ دهكهن، نەوەستێت!
كەواتە ئێوەی بەڕێز، ئەم گەنجە سەركەوتووانە، بە تەواوی بەرهەمی بەدیهاتووی ئەو ڕوانگەیەن كە زانكۆی كوردستان ـ هەولێری لەسەر دامەزراوە، ئەویش پێگەیاندنی كادیری كلیلی و لێهاتوو و بەتوانایە بۆ بازاڕی كار، بۆ داهێنان و بەڕێوەبردن و خزمەتكردنی وڵات بە باشترین شێوە.
مایەی شانازییە بەپێی ئامارەكان كه ئهمڕۆ پیشان دران، لە سەدا نەوەد و نۆی ئێوەی دەچووانی زانكۆی كوردستان ـ هەولێر لە بواری زۆر گرنگی وەك كەرتەكانی: وزە، نەوت و گاز، دیپلۆماسی، پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن، لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتیدا كارتان دەستكەوتووە، یان خۆتان كاری خۆتان بنیات ناوە و هەر خۆشتان بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوەی دەبەن و دەرفەتی كارتان بۆ خەڵكی دیكە و بۆ هەندێ لە هاوپۆل و هاوكارەكانیشتان دابین كردووە.
بە ڕاستی بەڕێوەبەرانی ئەو زانكۆیە شایانی دەستخۆشییەكی زۆرن، چونكە زانكۆی كوردستان ـ هەولێر هەرگیز نەیویستووە تەنیا هەڵگرانی بڕوانامە دەربچوێنێت كە نەتوانن كار بدۆزنەوە، یان تەنیا چاویان لەوە بێت حكوومەت كاریان پێبدات و وەك فەرمانبەر دابمەزرێن! بەڵكوو هەمیشە ئامانجی ئەوە بووە، گەنجی زیرەك و بەتوانا و شارەزای كار ئامادە بكات. بە خۆشحاڵییەوە ئەوەی ئێستا دەیبینین، بەدیهاتنی ئەو ئامانجەیە، هیوادارم هەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت.
زانكۆ دەبێ قوتابییەك دەربچوێنیت كە بازاڕ و كار، چاوەڕێی بن و پێویستییان پێ بێت، نەك خۆی بۆ كار بگەڕێت و نەیدۆزێتەوە. وەك پێشتریش گوتوومانە: پەروەردە و خوێندنی باڵا، كلیلی هەموو سەركەوتن و پێشكەوتنێكن له ههر وڵاتێك، دەبێ خوێندنی باڵا لەگەڵ پێداویستییەكانمان و لەگەڵ بازاڕی كار بگونجێنین.
بەڕێزان..
هەست بە شانازییەكی گەورە دەكەین كە دەبینین زانكۆی كوردستان لە ماوەی (13) ساڵی ڕابردوودا دەستەبژێرێكی گەنجی لە كوردستان دروست كردووە كە ئەمڕۆ كاریگەرییەكی بەرچاویان لە كۆمەڵگەی كوردستاندا هەیە. مایەی شانازییە كە دەرچووانی ئەو زانكۆیە دەبینین گەنجانی شارەزای كارن، زمانزانن، هزركراوەن، داهێنەر و له سهرووی ههمووشیانهوه نیشتیمانپەروەرن دهیانهوێ خزمهتی وڵاتهكهیان بكهن.
هەر لێرەدا دەمەوێ دەستخۆشی لەو دەرچووانەی زانكۆی كوردستان ـ هەولێر بكەم كە دوای دەرچوونیان لە زانكۆ، هێشتا لە خوێندنی باڵا بەردەوامن و لە باشترین زانكۆكانی جیهان لەو بوارانەدا دەخوێنن كە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر پێویستن. هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. پێیان دەڵێین: كوردستان چاوەڕێی سەركەوتنی گەورەتری ئێوە و گەڕانەوەتانە. چاوی لە شارەزایی و پسپۆڕیتانە بۆ خزمەت و بەشداریكردن لە پێشخستنی زیاتری وڵات و كۆمەڵگەكهمان.
هەموو ئامارەكان و چیرۆكی سەركەوتنی ئەو زانكۆیە، ئەوەمان پێدەڵێن كە دەبێ زانكۆی كوردستان ـ هەولێر وەك پێویستییەك بۆ پێگەیاندنی كەسانی بەتوانا و پێشەنگ لە زۆر بواری كار و بەڕێوەبردندا، بەردەوام بێت و زیاتر پێشبكەوێت. باوەڕم بە سەرۆكایەتی و مامۆستایان و قوتابیانی ئەو زانكۆیە هەیە كە دەتوانن زانكۆكەیان زیاتر پێشبخەن، ئێمەش بە هەموو توانایەكمانەوە هاوكار دەبین بۆ زانكۆی كوردستان ـ هەولێر و هەموو زانكۆكانی كوردستان.
سوپاسی زانكۆی كوردستان ـ هەولێر دەكەم كە دەرفەتی خوێندنی بە قوتابیان و خوێندكارانی هەموو ناوچە و بەشەكانی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان داوە و لە (13) ساڵی تەمەنیدا زیاتر لە (1200) خوێندكاری لە چەندین بەشی جیای بوارەكانی ئەندازیاری، زانستی كۆمەڵایەتی، دەرمانسازی، كار و بەڕێوەبردنی كاردا پێگهیاندووه و لەم زانكۆیە دەرچوون و كاری باشیان دەستكەوتووە. دەرچووانی زانكۆی كوردستان، سەركەوتووانە جێپەنجەیان بە شوێنی كارەكانیانەوە دیارە. سوپاس كە هاوكاریی منداڵی شەهیدان و قوتابیانی زیرەكی كەمدەرات كراوە بۆ ئەوەی دەرفەتیان هەبێت لەم زانكۆیە بخوێنن.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
كۆكردنەوەی زۆربەی زۆری دەرچووانی زانكۆی كوردستان ـ هەولێر كە ئەمە بۆ جاری یەكەمە دەكرێت، بیرۆكە و كارێكی نموونەییی تا بڵێی باشە. دەستخۆشی لەو بیرۆكەیە و لە ڕێكخەرانی ئهم ڕێوڕهسمه دەكەم. دەبێ ئەو كۆبوونەوەیە بكرێتە دەرفەتێك بۆ دروستكردنی تۆڕی پەیوەندیی نێوان دەرچووانی ئەو زانكۆیە لەگەڵ یەكتر و بەهێزكردنەوەی پەیوەندیی دەرچووانیش لەگەڵ زانكۆی كوردستان ـ هەولێردا.
مرۆڤایەتی بە كاری هاوبەش و تێكەڵاوی، گەشەی كردووە، ئێوەش دەتوانن وەك زانكۆی كوردستان ـ هەولێر کۆمەڵێکى زانستی و پێشكەوتوو لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە بەردەوامەی نێوانتانەوە دروست بكەن.
ئەم كۆبوونەوەیە گرنگە بۆ پێزانین و ڕێزگرتنی دوولایەنەی دەرچووان بۆ زانكۆ و زانكۆ بۆ دەرچووان. ساتێكە بۆ پێزانین. بۆ ڕێزگرتن و پێزانینی ئەوەی كە زانكۆ بە دەرچووانی بەخشیوە و دەرچووانیش بە كۆمەڵگە و وڵاتیان بەخشیوە. بێگومان كار و كاریگەریی دەرچووانی زانكۆ لە شوێنی كار و كۆمەڵگەدا، مایەی شانازییەكی گەورەیە بۆ زانكۆی كوردستان ـ هەولێر.
بەڕێزان..
ئێوە كە لەم زانكۆیە دەرچوون و ئەمڕۆ بوونەتە بڕبڕەی پشتی ئەو دامەزراوانەی كاریان تێدا دەكەن، كەسی لێهاتووی تایبەتن. سەركەوتنی ئێوە لە خوێندن و لە كاردا، ئیلهامبەخش و هاندەری نەوەی دوای خۆتانە بۆ خۆماندووكردن و شەونخوونی لەپێناو سەركەوتنی گەورەتردا. پیرۆزبایی و دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیوادارم نموونەتان هەر زۆر بێت له وڵاتهكهمان.
بە ڕاستی خۆشحاڵم كە لێرە پێشەنگ و سەرمەشقی نەوەیەكی ژیر و زیرەك و لێهاتووی كوردستان دەبینم. هەبوونی ئێوەی خۆشەویست و ئەو پێگە و پۆست و كارەی پێی گەیشتوون، ئەو ئەرك و خزمەتەی هەر یەكێكتان لە بوارێكدا دەیكات، بەڵگەیەكی دیاری ڕاستی و دروستی و سەركەوتنی ئەو ڕوانگەیەیە كە زانكۆی كوردستان ـ هەولێری لەسەر دامەزراوە و بوونەتە مایەی شانازیی ئهمڕۆ.
دڵنیام ئێوە و گەنجانی پێگەیشتووی وەك ئێوە دەبنە داینەمۆی سەركەوتن و پێشكەوتنی زۆر گەورە بۆ گەلی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا. ئێوە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردن لە وڵاتەكەماندا بێگومان پێشدەخەن، لەبەر ئەوەش دڵنیام لهوهی كه ئێوە مایەی شانازین بۆ خۆتان و بۆ وڵاتهكهتان و بۆ خانەوادەکانتان.
دووبارە بەخێرهاتنی هەموو لایهكتان دەكەم. سوپاس و دەستخۆشی و پێزانین بۆ سەرۆكایەتیی زانكۆی كوردستان ـ هەولێر و هەموو ئەو مامۆستا و ستافە بەڕێزانەی هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە تا ئێستا لە زانكۆ كار و خزمەتیان كردووە كه ههندێكیان لێره دانیشتوون، یان ئێستا لە شوێنی دیكە خزمەت دەكەن و نەوەیەكی ژیر و لێهاتووی وەك ئێوە پێدهگهیهنن.
هیوای سەركەوتن و ئێوارەیەكی خۆش بۆ هەمووتان دەخوازم. جارێكی دیكه دهمهوێ بڵێم كه زۆر خۆشحاڵ بووم بهشداریم لهم ڕێوڕهسمهدا كرد. دوای سێزده ساڵ ئهوهی كه بیرم هاتهوه، ڕێك ئێمه زانكۆی كوردستانمان بۆ ئهوه دامهزراندبوو ئهوانهی لهم زانكۆیه دهردهچن بتوانن خزمهتی وڵات بكهن و ئهم وڵاته پێش بخهن.
خۆشحاڵم كه ئهمڕۆ دهبینم دوای سێزده ساڵ گهنجانی لێهاتوو پێگهیشتوون و دڵنیا بن داهاتوو بۆ ئێوهیه و سهرۆكایهتی و پێشهنگی بۆ بهرهوپێشبردنی ئهم وڵاته له ئهستۆی ئێوهدایه، ئهمه ئهركی ئێوه قورس دهكات و ئاسان نییه، ئهركی سهرشانتان زۆر زیاتر قورس دهكات، ئێوه سهركردهى داهاتووی ئهم وڵاتهن، كوردستان پێویستی به ئێوه ههیه، دهبێت لهوه تێبگهن. ئێمه مللهتێكین تهنها دهتوانین به فێربوون، به زانست و بهوهی كه خۆمان ماندوو بكهین، دهتوانین پێشبكهوین، شوێنی جوگرافیای ئێمه وایه، وڵاتی ئێمه وایه، ئێمه دهتوانین به زانكۆ، به فێربوون، به زانست خۆمان بۆ ئایندهیهكی گهشتر به دڵنیاییهوه بۆ وڵاتهكهمان و گهلهكهمان ئاماده بكهین و ئێوهش پێشهنگ و سهركردهى ئهم وڵاته دهبن.
زۆر سوپاس..