سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی: شاندێکى پەرلەمانى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن
سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا شاندێکى پەرلەمانى عێراق لە لێژنەکانى یاسایى و دارایى و نەوت سەردنى هەرێم دەکەن.
دكتۆر ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: بڕیارە سێ شاندێ بەغدا لە رۆژانی داھاتوودا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، ئەویش شاندی ھەریەك لە لیژنەكانی دارایی و ئابووری و یاسا و نەوت گازن، سەردانی شاندەكانی بەغداش بۆ ئەوەیە، زیاتر لێك نزیك ببینەوە و ئەو شاندانەش ھەریەكە و رەوشی ھەرێمی كوردستان لە بوارەكەی خۆیدا دەبینێ.
سەبری راشیگەیاند: ئەندامانى ئەو لێژنانە هەریەکەیان بەجیا سەردانى دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم دەکەن و داتاو زانیارییان پێدەدرێت بۆئەوەى لەنزیکەوە خۆیان چۆنێتى بەڕێوەچوونى کارەکان ببینن و بەرچاوڕوون بن.
دكتۆر ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: باشترین چارەسەر ئەوەیە، بەر لەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بگاتە پەرلەمان، ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ بگەنە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەڵواسراوەكان، چونكە ئەوكات زەحمەت دەبێت بودجە بە بێ رێككەوتن بگاتە پەرلەمان.