16ـ ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا, بە پێی پەڕەوەكە هەر ئەندامێكی فراكسیۆنە جیاوازەكان دەتوانن لە فراكسیۆنەكەیان جیا ببنەوە بەبێ ئەوەی مافی پەرلەمانتاری لێ بسەندرێـتەوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوویەوە بۆ هەمواركردنەوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان, دوای گفتوگۆیی پەرلەمانتاران بە دەنگی 91 پەرلەمانتار هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی پەسندكرا و بەپێی یەكێك لە ماددە هەمواركراوەكان، پەرلەمانتار دەتوانێت لە فراكسیۆنەكەی جیابێتەوە بێ ئەوەی ئەندامێتی خۆی لەدەست بدات.
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان لە كۆی 126 ماددە لە پەیڕەوی ناوخۆ، 16 ماددە هەمواركردنەوەی بۆ كرا، بڕگەی دووەمی ماددەی 110ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لادرا، كە تێیدا هاتبوو “هەر پەرلەمانتارێك لە فراكسیۆنەكەی جیاببێتەوە، فراكسیۆنەكەی دەتوانێت مافی ئەندامیێتی پەرلەمانی لێبستێنێتەوە”.
هەروەها لە پەیڕەوی هەمواركراو پەسەندكراوی پەرلەمانی كوردستان هەر ئەندامێكی پەرلەمان دەتوانێت لە فراكسیۆنەكەی جیابببێتەوە، یان بچێتە پاڵ فراكسیۆنێكی دیكە، بێ ئەوەی ئەندامێتی خۆی لەدەستبدات و دەشتوانێت فراكسیۆنێكی سەربەخۆ پێكبهێنێت.
هەر بەپێی هەموارەكە لیژنەكانی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان و ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان و داكۆكی لە مافی ئافرەتان وەكو لیژنەی سەربەخۆ زیاد دەكرێن و دەسەڵاتەكانی لیژنەی یاساییش زیاد دەكرێن، لەگەڵ چەند گۆڕانكارییەكی دیكە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
پێشنیازی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لەسەر داوای 29 پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی و گۆڕان بوو بۆ 16 ماددەی پەیڕەوەكە.