سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان سێزدەمین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی كردهوه
به چاودێری و ئامادەبوونى مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 30/9/2019 سێزدەمین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر کرایەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کردنەوەی سێزدەیەمین پێشانگای بازرگانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر، وتەیەکی پێشکەش کرد و رای گەیاند، لە پێشانگاکەدا ٣٠٠ کۆمپانیا لە ٢٤ وڵاتی (ئەمریکا، ئەورووپا، ئەفریقیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا) بەشدارن.
جەختیشی کردەوە: لە بەرنامەی کاری حکوومەتدا گرنگیی زۆرمان بە پێشخستنی ئابووریی کوردستان داوە، هیوادارم ئەم پێشانگایە ببێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ تێکەڵکردنی بازرگانەکان و وەبەرهێنەران و خاوەنکاران لە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش، تاوەکوو بە تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستین، بەرنامەمان وابووە گرنگیی تەواو بە هەموو کەرتەکانی ئابووری بدەین.
مەسرور بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریکردنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆمپانیاکان دەربڕی و ڕای گەیاند: ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ هاوکاریکردنی بازرگانان و وەبەرهێنەران درێغی ناکەین، ئەو ڕێکارانەی بۆ ئاسانکاری لەبارەی تۆمارکردن و بەکارخستنی کۆمپانیاکان لە کوردستان هەیە، هەوڵدەدەین ئاسانکارییان بۆ بکەین.
لە یەك كاتدا دوو پێشانگا دەكرێتەوە، پێشانگای یەكەم (پرۆجێكت) تایبەتە بە ئاوەدانكردنەوە و بیناسازیی، ھەروەھا پێشانگای دووەم تایبەتە بە كەرەستە و ئامێرە كشتوكاڵییەكان. چەند کۆمپانیایەکی وڵاتانی چیك، كوەیت، قەتەر پاڵپشتی و سپۆنسەری پێشانگاکە دەکەن و چەند كۆمپانیایەکی گەورەی ناوخۆیش بەشدارن.
13مین پێشانگای ھەمەجۆری بازرگانی نێودەوڵەتی ھەولێر، رۆژانە لە كاتژمێر 10ی بەیانی تا 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و چەندین دیدار و پانێڵ بەڕێوەدەچێت و دەرئەنجامەكەی دەكرێتە یاداشنامەیەك و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.