دادگای مەدرید: مێسی بێتاوانە

دادگای ئیسپانیا بڕیاری بێتاوانبوونی لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یەکەمی یانەی بارسێلۆنای دەرکرد، دوای ئەوەی دۆسیەی خۆدزینەوە لە باجی لەدژ بەرزکرابووەوە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادگای ناوەندی ئیسپانیا لە مەدریدی پایتەخت لە دوایین دانیشتنیاندا بێتاوانی لیۆنێل مێسییان دووپاتکردووەتەوە و بڕیاریاندا ئەو دۆسیەیە دابخەن کە لە دژی لیۆ بەرزکرابووەوە.

مێسی بە خۆدزینەوە لە باج و شووشتنەوەی پارە لە دەرەوەی ئیسپانیا تۆمەتبارکرابوو، بەڵام دادگا  بەهۆی ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی پێویستی لەبەردەست نەبوو، بڕیاریاندا کە ئەو یاریزانەی بارسێلۆنا بە بێتاوان لەقەڵەمبدات و دۆسیەکەیان داخست.

بەپێی رۆژنامەی مارکا ” دادوەر ماریا تاردۆن رەزامەندی لەسەر ئەوەداوە کە دۆسیەکە رەتبکاتەوە و کە لەلایەن فەرمانبەرێكی پێشووی دامەزراوەکەی لیۆنێل مێسی لە دژی ئەو یاریزانە و باوکی و براکەی لیۆ بەرزی کردبووەوە”.

لە درێژەی راپۆرتەکەی مارکادا هاتووە ” دادوەرەکە ئەوەی روونکردووەتەوە کە هیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نییە و ئەوەی هەیە تەنیا لە نووسینی رۆژنامەکانەوە وەرگیراوە، بەپێی ماددەی 637ـیش ئەم دۆسیەیە داخراوە چونکە هیچ گرنگ نییە بەردەوام بێت چونکە لایەنی تۆمەتبار تاوانەکەی بەسەردا ساخنەبووەتەوە”.

پێشتر بەهەمان تۆمەت لیۆنێل مێسی و باوکی چەندجارێک چوونەتە بەردەم دادگای ئیسپانیا و لە هەندێکیاندا تاوانەکەیان بەسەردا ساخبووەتەوە و سزادرابوون.

Back to top button