ئەمەریكا تا دوو ساڵی تر هاوكاری گهورهی پێشمەرگە دەكات
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وادەی پشتیوانی و هاوكارییەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ دوو ساڵی تر درێژ كردەوە، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر، نامەی یاداشتی لێكتێگەیشتن و كاركردنی هاوبەشی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و وەزارەتی پێشمەرگەی گەیاندە وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیڤن فەیگن كونسوڵی گشتیی كونسوڵگەری ئەمەریكا لە هەولێر كردووە و كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا بڕیاری پنتاگۆنی وڵاتەكەی لەسەر درێژكردنەوەی یاداشتی پشتگیری و پشتیوانی لە عێراق و هەرێم ئاشكرا كرد و رای گەیاند، ئەمەریكا پشتیوانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق دەبێت.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵ و هەنگاوەكانی ئێستەو رابردووی هێزەكانی ئەمەریكا و حكوومەتی ئەو وڵاتەی كرد، كە رۆڵی بەرچاو و كاریگەرییان گێڕاوە لە هاوكاری و یارمەتییەكانیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لەرووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان لە ناوچەكەدا.
كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر ڕایگەیاند، بڕیاری درێژكردنەوەی یاداشتیی لێكتێگەیشتن، دەرئەنجامەكەی بەردەوامیدان دەبێت بەپشتگیری و پشتیوانی لە هاوكاری و یارمەتییەكانمان بۆ حكوومەت و هێزی پێشمەرگەی كوردستان. گوتی “دەمانەوێ لە میانەی كاری داهاتووماندا، فاكتەرێكی گرنگی نێوان هەولێر و بەغدا بین لە بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا.