ئازاردانی بارزانی

زكری مووسا
لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سەرۆك بارزانیان زۆر ئازار دا. لەو ئازاردانەدا حزبە كوردییەكان، عەرەبە شۆڤینییەكان، تاییفەگەراكان، دەزگە هەواڵگرییەكانی ناوچەكە، گەندەڵ و مشەخۆرانی ناو پارتی، هەزاران سایت و تۆڕی كۆمەڵایەتی و نووسەری بەكرێگیراو، سیاسی بەدبین و خۆبەبچوكزان هەر هەمووی بەشدار بوون لە ئازاردانی پیاوێك كە تەنیا سەربەرزی و شكۆی بۆ گەلەكەی دەویست.
بارزانیان ئازار دا چونكە دەیانجار بەڕووی دەستدرێژی و حەماقەتی توركە نەژادپەرستەكاندا وەستایەوە. بارزانیان ئازار دا چونكە لەپێناو ئاشتی و عێراقی نوێدا ویستی تۆڵەسەندنەوە لە عێراقدا نەمێنێ ئەگەر چی دەوڵەتی عێراق دەستی بە خوێنی ڕۆڵەی گەلی كوردستان سوور بوو. بارزانیان ئازار دا چونكە لووتی مالیكی و شەهرستانی و وردەدیكتاتۆرەكانی تری عێراقی شكاند و ڕێگەی لە سەرەڕۆیی ئەوانی گرت. بارزانیان ئازار دا چونكە ویسایەی ویلایەتی فەقیهی قبووڵ نەكرد و بەرەبەست بوو لەبەردەم تاییفەگەریی شیعی و شۆڤینیەتی سووننە. بارزانیان ئازار دا تەنیا لەبەر ئەوەی ویستی بڕوابەخۆبوون بۆ مرۆڤی كورد بگەڕێتەوە و كورد بڵێ منیش هەم و پاشكۆ نیم و هیچم لەوانی تر كەمتر نییە.
بارزانی ئازار دەدرێت چونكە هەڵگری پەیامی سەدساڵەی گەلی ستەمدیدەی كوردە و ئەو پەیامە دەبێ بگاتە مەنزڵی خۆی. بارزانی ئازار دەدرێت چونكە وتە و پەیامی دژی چوارچێوە و سنووری ستەمكارانەی داگیركارانە. ئەو ئازار دەدرێت چونكە دەڵێ سایكس پیكۆ و خەریتەی كۆلۆنیالیزم كۆتایی هاتووە و دەبێ خاوەندارێتی خاك بۆ خاوەن خاك بگەڕێتەوە. ئازاریان دا چونكە لە ساڵانی ڕابردوو چەندین كەڕەت داوای لە حزبەكان كرد كە فورسەتە و ناوی خودای لێ بێنن و كار بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەمان بكەین. سەرۆك بارزانیان زیاتر لە هەر كاتێك ئازار دا چونكە لە دەشتەكانی ڕەبیعە و زووماڕ و شنگالدا لەگەڵ پێشمەرگەكان دڕندەیەكی بەدڕەوشتی وەك داعشی شكاند و جیهانیان سەرسام كرد. بارزانیان بۆیە ئازار دا چونكە گوتی كۆبانێ نابێ بكەوێت و كۆبانێیش نەكەوت.
ئازاردانی بارزانی هەر بەردەوام دەبێت چونكە ئاڵا و پەیامی سەربەخۆیی لە دەستی ئەو دایە. ئەو پەیامە دەبێ بگاتە مەقسەد و ڕووناكیی مەشخەڵی شكۆی كوردستان ویژدانی سەدەی بیستویەك ڕووناك بكاتەوە.
مەكینەكانی ئازاردانی بارزانی لە دەرەوەی كوردستان بەهێز و زۆر و زەوەندن و، لەنێوخۆدا بە ڕیشن و بە عەلمانییەوە لەدژی وەستاون و چرنۆكی پێدا دەكێشن و خۆراك بە یەكتر دەدەن و ئاو دەكەنە ئاشی یەكتر. لەونێوەدا ئەركی حزبەكەی بارزانی لە پاڵپشتیكردنی بارزانی و پەیامەكەی زۆر قورستر دەكەوێتەوە. دەبێ پارتی بە گیان و ماڵ لەگەڵ بارزانی بێت و لە ئازارەكانی كەم بكاتەوە. بۆ سەركەوتنی سەربەخۆیی پێویستیمان بە سەرخستنی چاكسازیی هەیە. لەم ڕێگەیەدا پێویستە تاك تاكی پارتییەكان پاڵپشتی چاكسازیی نێوخۆیی سەرۆك بن و كاری پێ بكەن و ڕەنگی خەڵك بگرن، بۆ ئەوەی مێژوو دروست بكەن و پەیامی پیرۆزی سەربەخۆیی گەلی كوردستان سەربكەوێت.

Back to top button