بۆ یەکەمجارە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی کۆریای باشوور دەکات
شاندێکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ مون ئی سانگ، سەرۆکی پەرلەمانی کۆریای باشوور و ژمارەیەک پەرلەمانتار کۆبوونەوە و قووڵکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان باسیان لێوەکرا.
شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆریای باشوور بانگهێشت کرابوون و چەند پرسێکی یاسایی و ئابوورییان باس کرد.
هێمن هەورامی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، رایگەیاندووە، داوایان لە پەرلەمانی کۆریای باشوور کردووە حکوومەتی وڵاتەکەی هان بدات بۆ ”قوڵترکردنەوەی پەیوەندییەکان“ی نێوان سیئۆڵ و هەولێر.
شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان هەروەها داوای سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیاکانی کۆریای باشووری لە کوردستان کردووە، هەماهەنگیی پەرلەمانەکانی کوردستان و کۆریای باشوور و ئالوگۆڕی ئەزموونی یاسادانان و کاری لێژنەکانی پەرلەمان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق، حکوومەتی کۆریای باشوور بە دروستکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە و شوێنی خزمەتگوزاری گشتی هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە و تاکو ئێستاش هەماهەنگی نێوان هەردوولا بە پتەویی ماوەتەوە.