سەفین دزەیی: نەتەوەیەكگرتووەكان پێیان گوتین پشتگیری هەرێمی كوردستان دەكەین
دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق قۆناغێكی نوێی پەیوەندیەكانی دەست پێكردەوە بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا, بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، حكوومەتی ھەرێم ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان فراوانتر و بەھێزتر دەكات، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا وڵاتی یۆنان كۆنسووڵگەری لە هەولێر دەكاتەوە و ژمارەی كۆنسووڵخانەكانیش لە زیادبووندایە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند: ” لە ئێستادا سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیش پاڵنەڕێكە بۆ ئەوەی وڵاتان نوێنەراییەتیان لە هەرێمدا بكەنەوە و پەیوەندیی دیپلۆماسی ببەستن، سەرجەم ئەو وڵاتانەش كە باڵیۆزیان لە عێراق ھەبێت، نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی كوردستان دەكەنەوە وا بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیك كونسولخانەی یۆنانیش لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە”.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ” لە كۆی 60 باڵیۆزی وڵاتان، 36 وڵات نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان ھەیە، لە هەوڵداین پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە شێوەیەكی فراوانتر و بەهێـزتر بنیات بنێینەوە”.
دزەیی ڕاشیگەیاند: “پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئاستێكی باشدان و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی زۆر ھەیە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش دڵخۆشن بە پەیوەندیی باشی هەولێر و بەغدا و پشگیریی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەماهەنگییەكی باشیش هەیە”.