ئه‌مشه‌و یاری لووتكه‌ی چامپیۆنزلیگ له‌نێو كامپ نوو ده‌بێت

یانه‌ی بارسێلۆنا له‌سه‌ر یاریگه‌ی كامپ نو میوانێكی ره‌زاگرانی ده‌بێت له‌ گه‌ڕی دووه‌می قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگدا، كه‌ ئینته‌رمیلانی ئیتالییه‌.

زۆربه‌ی سه‌رنجه‌كان روو له‌ كامپ نو ده‌بن، كه‌ ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانی گه‌وره‌ترین یاری ئه‌مشه‌وی چامپیۆنزلیگ، ئه‌و یارییه‌ی كه‌ بارسێلۆنا ده‌یه‌وێ له‌م ساڵدا بۆ یه‌كه‌مجار تامی دۆڕان به‌ ئینته‌رمیلان بچێژیت، ئه‌و ئینته‌ره‌ی به‌ هاتنی ئه‌نتۆنیۆ كۆنتیی راهێنه‌ر به‌رگێكی نوێی پۆشیوه‌ و تاوه‌كو ئێستا له‌م وه‌رزه‌دا هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاندووه‌.

بارسا كه‌ سه‌ركرده‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، یاریزانه‌كانی وره‌به‌رز ده‌بن به‌ بوونی مێسی له‌گه‌ڵیان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڤالڤێردی راهێنه‌ر سه‌ركێشییشی پێوه‌ نه‌كات و یاریی پێنه‌كات، بوونی ئه‌و له‌سه‌ر كورسییه‌كانی یه‌ده‌گیش دڵنه‌وایی و هێز و وزه‌ به‌ هاوڕێكانی ده‌به‌خشێت.

بردنه‌وه‌ی ئه‌م یارییه‌ بۆ بارسا كه‌ یه‌كه‌م یاری خۆی له‌گه‌ڵ بۆرووسیا دۆرتمۆند به‌ یه‌كسانبوون كۆتایی پێهێنا زۆر گرنگه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خۆی له‌ مه‌ترسی و سوپرایزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ئاگرین بپارێزێت، به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ كۆنتی و تیپه‌كه‌یشی بردنه‌وه‌ واته‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ئینته‌ری كۆنتی ئینته‌رێكی جیاوازه‌ و ئامانج و په‌یامی گه‌وه‌ری پێیه‌.

بێنه‌ به‌رچاوی خۆت دوایین شكستی بارسا له‌سه‌ر كامپ نو له‌ چامپیۆنزلیگدا بۆ مانگی ئایاری 2013 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئایا كۆنتی ده‌توانێت كۆتایی به‌م چیرۆكه‌ درێژ و جوانه‌ی بارسا بێنێت، یان خۆیشی ده‌بێته‌ قوربانییه‌كی نوێی نێو گۆڕستانی كامپ نو.

Back to top button