ناكرێت ئەو واقعەی ئێستا بەسەر كەركووك بسەپێندرێـت چونكە كەركووك تەعریب كراوەتەوە

 

لەگەل هەوڵەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بە تایبەت پرسی بودجەو موچەی و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم, وەزیری هەرێم بۆ كاوباری ناوچە دابڕێندراوەكان رایگەیاندووە ناكرێت واقعی ئێستا بەسەر كەركووكدا بەسپێندرێت و سەرژمێری تێدابكرێت.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ناوچە دابڕێنراوەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان لیژنە لەنێوان هەولێر و بەغدا پێكبهێندرێت، بە بەغدایان راگەیاندووە ناكرێت لە بارودۆخی ئێستا سەرژمێری لە كەركووك ئەنجامبدرێت و ئەو واقیعەی ئێستا بەسەر كەركووك بسەپێنن.

خالید شوانی، گوتیشی، “كەركووك رووبەڕووی تەعریب كردنێكی بە پلان بووەتەوە و عەرەبی هاوردە گەڕێندراونەتەوە ئەو شارە، ھەوڵی زۆری گۆڕینی دێمۆگرافیای كەركووك دەدرێت و ھەوڵی بچووكردنەوەی پێگەی كورد لە كەركووك دەدرێت”.

وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ناوچە دابڕێنراوەكان، ئاماژەی بەوەش كرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس كردووە، بڕیارە سەر لەنوێ لیژنە دروست بكرێت بۆ چارەنووسی یەكجارەكی ناوچە جێناكۆكەكان ماددەی 140 كارا بكرێتەوە، ئەمە پێویستە بەرنامەی بۆ دابنرێت و لە دانوستانەكان لەگەڵ عێراق بكرێتە نەخشەرێگای چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانە.

Back to top button