پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال

 

لەو پەیامەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مام جەلال وەک سیمبولی کاری هاوبەش پێناسە دەکات و دەڵێت باشترین وەفا پاراستنی یەکڕیزی گەلەکەمانە

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

 

ئه‌مڕۆ له‌ ساڵیادی كۆچی دواییی مام جه‌لالدا، یادی سه‌ركرده‌یه‌كی خه‌باتگێڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كۆچكردنی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ كاری ده‌وڵه‌تی و سیاسیدا دروست كرد. له‌ناو كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مڕۆدا له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك هه‌ست به‌ بۆشاییی مام جه‌لال ده‌كه‌ین، به‌ڕاستی مام جه‌لال سیمبولێكی كاری هاوبه‌ش بوو.

 

په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك مام جه‌لال و كاك مه‌سعوود بارزانی، قۆناغێكی به‌هێزی كاری هاوبه‌شی له‌ كوردستان هێنایه‌ كایه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی چه‌سپاندنی به‌شێكی زۆری داواكانی گه‌لی كوردستان بوو له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ده‌ستووری عێراقدا، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌ دامەزراوەکانى ده‌وڵه‌تی عێراقدا دروست بوو و دیموكراسی له‌ عێراق گه‌شه‌كردنێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینی.

 

مام جه‌لال، پشتیوانێكی زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ كاری من له‌ دروستكردن و ڕیشه‌داركردنی كاری هاوبه‌ش و به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان کاتێک كابینه‌ی پێنجه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان پێکهێنا و به‌ر له‌وه‌ش له‌ نزیككردنه‌وه‌ی ئیداره‌كان و دروستكردنی یه‌ك بڕیاری له‌سه‌ر زۆر پرسی سیاسی و ئیداری له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

 

ئه‌مڕۆ كه‌ یادی كۆچی دواییی مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌، باشترین وه‌فاداری ئه‌وه‌یه‌ یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان و هاوبه‌شی له‌ كاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردندا، په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوهه‌ڵوێستیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر پرسه‌ هاوبه‌شه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان به‌هێز بكه‌ین.

 

یادی مام جه‌لال مایه‌ی خێر و ته‌بایی بێت و سڵاو و دروود بۆ گیانى دەنێرین.

 

نێچیرڤان بارزانی

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

 

3/10/201

Back to top button