عەبدولمەهدی: هەفتەی داهاتوو بڕیار دەدەین بە بڕینەوەی مووچە بۆ هەر خێزانێکی هەژار کە هیچ داهاتێکیان نییە
دوای سێ رۆژ لە بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق، درەنگانێكی شەوی رابردوو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران ووتارێكی پێشكەش كردوو چەند هەنگاوێكی چاكسازی و بەڵێنی باش كردنی گوزەرانی هاوڵاتیان راگەیاند.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە وتارەكەیدا رایگەیاند بەرەبەیانی هەینی 4ی تشرینی یەكەمی 2019، كاتژمێر هەشت قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی عیراق هەڵدەگیرێت، دەمانەوێت سیستەمی دیموكراسی عیراق بپارێزین و ئێستا ئێمە لە نێوان دەوڵەت و رووخانی دەوڵەتداین و نابێت رێگە بدەین بەگەڕانەوەی ئەوانەی دەوڵەتیان كردبوو بەسەر بازگە.
لە وتارەكەیدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق چەند بڕیارێكی تری دەركرد و وتی، لە هەفتەی داهاتووەوە بڕیار دەدەین بە بڕینەوەی مووچە بۆ هەر خێزانێكی هەژار كە هیچ داهاتێكیان نیە، هەروەها چاكسازی لە كەرتی نیشتەجێبووندا دەكەین و هەلی كار بۆ بێكاران دابین دەكەین.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ژیان بگەڕێتەوە بۆ باری سرووشتی خۆی لە هەموو پارێزگاكان و رێز لە دەسەڵاتی یاسا بگیرێت و لە خراپەكار و گەندەڵكاران نابوورین.
ماوهی سێ رۆژه هەزاران كەس لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و ژمارەیەك شار و شارۆكەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕژاونهته سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر به دۆخی خراپی بژێوی و بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان.
به پێی دواین ئامار 35 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ههزار کەسیش برینداربوونه.