قوربانیانی خۆپێشاندانه‌كانی عێراق گه‌یشته‌ 73 كوژراو و دوو هه‌زار بریندار

ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی عێراق له‌ دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی كوژراوانی خۆپێشاندانه‌كانی چوار ڕۆژی ڕابردوو شاره‌ جیا جیاكانی عێراق بۆ 73 كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌ مانای ئه‌وه‌ دێ، ته‌نیا له‌ دوێنێ نزیكه‌ی 20 كه‌سی تر كوژراون.

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوی خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 73 کەس کوژراون، لە ئێستاشدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغداد 18 لاشەی کوژراوەکانی تێدایە.

ئەنجومەنەکە رونیشیکردەوە، لە پێکدادنی نێوان خۆپیشاندەراکان و هێزەکانی ئاسایشی عێراق لە بەغداد، زیاتر لە سێ هەزار برینداربون.

شەوی رابردو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “ماف و خوێنی رژاوی عێراقییەکان وەربگرنەوە بە دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ناکرێت لەمەبەدوا بێدەنگبین”.

ناوبراو داوای لەحکومەت و پەرلەمانی عێراقکرد، وەڵامی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران بدەنەوە و بەرپرسیارێتی خۆیان لەوبارەیەوە هەڵبگرن.

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو وه‌ك هه‌وڵێك بۆ دامركاندنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان، بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆی ده‌ركردبوو له‌ شاره‌كانی به‌غدا و ناوه‌ند شاره‌كانی زیقار، میسان و نه‌جه‌ف.

له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ خۆپیشاندان له‌ شاری به‌غدای پایته‌خت و چه‌ند شاری دیكه‌ی باشووری عێراق دژبه‌ گه‌نده‌ڵی، بێكاری و خراپی خزمه‌تگوازرییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌رێت.

Back to top button