هەدار بارزانی: لە ئایندەیەكی نزیك ئەو رووفاتانەی لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە بوون دەگەڕێندرێنەوە كوردستان

دوای ئەوەی لە دوو مانگی رابردوو دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە سنوری سەماوە هەڵدرانەوە كە رووفاتی 170 ژن و منداڵی كوردی تێدابوو, پەرلەمانتارێكی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت لەم نزیكانە رووفاتی نێو ئەو دوو گۆڕە دەگەڕێندرێنەوە كوردستان.
ھەدار بارزانی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، ” دوای تەواو بوونی رێكارە یاسای و پزیشكیەكانی رووفاتی ئەو دوو گۆڕەی پارێزگای سەماوە كە لە ئێستادا لە پزیشكی دادی بەغدان, رووفاتەكان دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان”.
هەدار بارزانی كە جێگری سەرۆكی لیژنەی شەھیدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە گوتیشی، ” پێویستە رووفاتی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی كە ماون لە زووترین كات هەڵبدرێنەوە كە ژمارەیەكی زۆری گۆڕی دیكەی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد لە ناوچەكانی باشووری عێراق بوونیان ھەیە “
ھەدار بارزانی دەشڵێ، “دوو گۆڕی دیكەی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد لە سەماوە دوزراونەتەوە و بڕیارە تیمی تایبەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان لە ماوەكانی داھاتوودا دەست بە ھەڵدانەوەیان بكەن، چونكە پێویستە بەشێوەیەكی زانستیانە كار بۆ ھەڵدانەوەیان بكرێت و دواتر رێكاری یاسایی و پزیشكی بگیرێتە بەر بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانیان.
Back to top button