پێنتاگۆن وەڵامی هەڕەشەکانی ئەردۆغان دەداتەوە
وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند هەر ئۆپەراسیۆنێکی تاکلایەنەی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد واشنتن گرنگی بە سەرکەوتنی رێککەوتنی ناوچەی ئارام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەدات.
شۆن رۆبێرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: واشنتن گرنگی بە سەرکەوتنی رێککەوتنی ناوچەی ئارام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەدات و ئەو رێککەوتنەش باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئۆپەراسیۆنێک بەبێ هەماهەنگی ئەوان لە رۆژهەڵاتی فورات جێگەی نیگەرانی ئەوانە و دەشبێتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و نائارامی بە دوادا دێت.
دوێنی شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سووریای کرد ئەگەر بێت و نەخشە رێگای دروستکردنی ناوچەی ئارام دروست نەکرێت، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش، هەسەدە، هەڕەشەی راگەیاندنی جەنگی لە “هەموو لایەک” دژ بە تورکیا کرد ئەگەر بێت و سوپاکەی ئەنقەرە هێرشبکاتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی فورات.