هوشیار زێباری: به‌ڵێنه‌كانی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق‌ نالۆژیكین و ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێن

هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشووتری دارایی عێراق له‌باره‌ی خۆپیشانده‌كانی به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و به‌ڵێنه‌كانی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ده‌ڵێت: (سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران) نا لۆژیكین و ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێن.

زێباری له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه‌ بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ نوێیه‌ی عێراق و په‌ره‌سه‌ندنی خۆپیشاندان و گرژییه‌كان خستووه‌ته‌ روو و له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كان قسه‌ی كردووه‌ كه‌ به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌درێت.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی هۆشیار زێباری وه‌زیری پێشووتری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و وه‌زیری دارایی بووه‌ و ئاگاداری ره‌وشی دارایی حكوومه‌ته‌ ده‌ڵێت: ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بۆ هێوركردنه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ده‌درێن وه‌ك (خوڵقاندنی ده‌رفه‌تی كار بۆ بێكاران و ده‌رچووان، پاڵپشتیكردنی دارایی خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، خه‌رجكردنی بوودجه‌ بۆ خه‌ڵك) پێچه‌وانه‌ی واقیعی دارایی و ئابووری عێراقه‌. بوودجه‌ی ساڵی 2020ـی عێراق زیاتر له‌ 30 ملیار دۆلار كورتهێنانی هه‌یه‌. به‌ڵێنه‌كان لۆژیكی نین و ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێن” داواش له‌ سه‌ركرده‌كانی عێراق ده‌كات هه‌ست به‌و واقیعه‌ بكه‌ن و به‌گوێره‌ی پێویست لۆژیكیی بیربكه‌نه‌وه‌.

بۆ دامركاندنه‌وه‌ی توڕه‌یی خۆپیشانده‌رانی عێراق، سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق چه‌ندین به‌ڵێنیان به‌ خۆپیشانده‌ران داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك باش بكرێت، به‌ڵام هێشتا ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه‌ و به‌گوێره‌ی دوایین ئامار ژماره‌ی كوژراوان بۆ سه‌رووی سه‌د كه‌س و بریندارانیش بۆ هه‌زاران كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

دوای شه‌ش رۆژ لە خۆپێشاندانی بەردەوام كە بەغدای پایەتەخت و ژمارەیەك شاری عێراقی گرتەوە و بووە هۆی كوژرانی زیاتر لە 100 كەس و برینداربوونی چوار هەزار كەس، ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی خۆپێشاندەران كۆبووەوە.
Back to top button