وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی هەولێر دەکات
وەزیری دەرەوەی کۆماری رووسیای فیدڕال سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستان کۆ دەبیێەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7-10-2019، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە سەردانێکی فەرمی، گهیشته بەغدا.
پێشتر ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژانی 7 و 8ـی ئەم مانگە سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بەغدا کۆدەبێتەوەو دواتریش سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاش لەبارەی سەردانەکە و کۆبوونەوەکانی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، لاڤرۆڤ مەبەستییەتی لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
هەرێمی کوردستان و رووسیا پەیوەندییەکی مێژوویان هەیە و مێژووی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤییەتی جاران و ئێستاش هەرێمی کوردستان و رووسیا پەیوەندی بازرگانی بەهێز لەنێویاندا هەیە.