سەرۆک کۆماری عێراق دوکتور بەرهەم ساڵح لەسەر دۆخی ئێستای عێراق وتارێک پێشکەش دەکات
لەدووای پەرە ئەستاندنی گرژی و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی عێراق لە بەغدا و چەندین شاری گرینگی تری عێراق دوکتور بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق وتارێک پێشکەش دەکات و لە دووای دڵدانەوەی خەڵکی ناڕازی بەڵێنی چارەسەری کێشەکان دەدات .
دهقی وتارهكهی بەرهەم ساڵح :
گەلی عیراقی شکۆمەند
رۆڵەکانم لە کچان و کوڕانی گەنج لە خۆپیشاندان و گۆڕەپانەکان
ئەفسەرو سەربازە پاڵەوانەکانمان لە تەواوی ریزەکانی هێزەکانی ئاسایش
سڵاوو سەلامی پەروەردگارتان لێبێت
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین رووداوی ئازار بەخشمان بینی، دەنگی دلێری گەلەکەمان بیسترا وەکو پێویستییەك هاتنە مەیدان بۆ ئەوەی بەرەو بەدیهێنانی پێشکەوتنی راستەقینە و ئایندەیەکی رونتر و بەدیهێنای داواکارییەکانیان راوەستان.
لەناخی دڵەوە ئازار بەخشە رشتن و بەفیڕۆدانی خوێنی عیراقییەکان لە شەهیدان و بریندارەکان لە ریزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.
ئەوەی روویدا لە ئامانج گرتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتی خواز و هێزە ئەمنییەکان و راگەیاندنکارو رۆژنامەنووسان بە دەستڕێژی گوللـە مایەی قبوڵکردن نییە لەو عیراقەی کە بەڵێنماندا دیموکراتی بین و مافەکان و سەربەستییەکان بپارێزین و هەمووانیش پابەندبن بە دەستور و حوکمی گەل.
حکوومەت و فەرماندەی هێزە ئەمنییەکان تەئکید دەکەنەوە، کە هیچ فەرمانێك و بڕیارێکی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکان نەبووە بۆ دەستڕێژی گوللـە و پێشێلکاری و توندوتیژی و بە ئامانج گرتن، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە تاوانبار و ئەو کەسانە بوون کە لەدەرەوەی قانون بوون، لە رێگەی خۆمەوە وەک سەرۆک کۆمار دووپاتی دەکەمەوە کە پێویستە لەسەر هێزە ئەمنییەکانمان بە تەواوی یەکەو پێکهاتەکانییەوە بەرگریکارو داکۆکیکاربن لە گەل و مافەکەی و چارەنووسی و دەستورەکەی کە رێگری دەکات لەوانەی پێشێلی دەستور دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن.
ئەم ئافات و تاوانە لە ئاستیا بێدەنگ نابین و خوێنی گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکان ناخەینە موزایەدە و بەهەند وەریدەگرین، بڕوامان بە گەلەکەمان یەکلاکەرەوەیە، پێویستە لەسەر هەموو ئەوانەی پێشێلی قانون دەکەن ملکەچی دەسەڵاتی دەوڵەت و قانون و دادەکەی بن.
ئەو گەنجانەی کە بوونە قوربانی و برینیان کەوتە جەستەیان تەنیا بە دڵنیاکردنەوە و قسە و بەڵێن ساڕێژ نابن، بەڵکو پێویستە هەمووان پێکەوە برینی عیراق ساڕێژ بکەین و بە ئاڵانگارییەکی بەهێز بەرەوپێش بڕۆین هەر یەکێکمان پشتی یەکتر بگرێت تا گەلەکەمان شکۆمەند بێت و دەسەڵاتی دەوڵەت لە چوارچێوەی دامەزراوەکانیدا بپارێزرێت.
ئەو خوێنە خوێنی عیراقییە، ئەوەشی کە دروشم بۆ داواکاری و مافەکانی بەرز دەکاتەوە ئەویش عیراقییە، ئەوەشی کە هەوڵدەدات بەرگری لە دامەزراوەکان بکات هەر لە هێزەکانی ئاسایش و سوپا ئەویش عیراقییە، بۆیە پێویست ناکات بگەینە ئەو قۆناغەی خوێنی رۆڵەکانمان لە شەقامەکاندا ببینین و پێویستە پشتیوانی یەکتر بین لە هاووڵاتی ولێپرسراوان و سەربازەکان، تاکو ئەم دۆخە ناهەموارە تێپەڕێنین.
ئەوانەی کە دەیانەوێت قسە لەسەر بوونی دەستی دەرەکی بکەن لە رووداوەکان ئێمە ناڵێین کە کەس نییە بیەوێت و بەرژەوەندی نییە لە نانەوەی فیتنە لە نێوان گەلێکدا، بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندییەکان دەیانەوێت دەرفەت لەم دۆخە بقۆزننەوە و کێشە و پێکدادانەکان لە ناخۆی وڵاتدا پەرەپێبدەن، بەڵام ئەوەی کە گرنگ و پرەنسیپە ویستی گەلە زیندووەکەمانە، ئەم گەلە شکۆمەندە کە پیشانی جیهانی بدات، کە رەسەنایەتی ئەو چییە.
پێوستە هەمووان لە گەورە لێپرسراوان، پارتەکان، فەرمانبەران، چالاکوانان، رۆشنبیران و هاوڵاتیان ئەو راستییە بزانن، کە ئەم ناڕەزاییانە لە پاشخانێکی نائومێد و تاریك و هەستێکی گشتییەوە هاتووە، کە وڵات پێویستی بە چاکسازییە، بەدوورگرتنی وڵاتەکەمان لە پلانگێڕی وهاوکات خزمەتکردن و هەستی بەرپرسیارێتییە بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنانی دەوڵەت.
گەلەکەمان وهێزە ئەمنییەکان کە بە ئازایەتییەکی شکۆمەندەوە رووبەڕووی تێرۆر بوونەوە و پاشماوەکانی داعشیان لەناوبرد و سەرکەوتنێکیان تۆمارکرد، کە مرۆڤایەتی نەوە لە دوای نەوە بە بیری دێتەوە، بۆ چەندین ساڵی دوورودرێژە بەدەست خراپی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی کار و نەرەخسانی دەرفەتی کارهوه دەناڵێنین، بەڵێ.. ئابووری عیراق رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە بەهۆی ئاڵەنگارییە ئەمنی و تێرۆریستییەکان، بەڵێ.. سەرکەوتن بەسەر داعش نەدەبوو ئەگەر گیانێکی زۆر نەبەخشرایە و سامانی زۆری دەوڵەت و تواناکانی نەبەخشرایە، بەڵام بیرمان نەچێت گەندەڵی دارایی و ئیداری ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەوتن دروست دەکات و توانای گەل و نیشتمانە مەزنەکەمان پەك دەخات، بۆ ئەوەی گەلەکەمان بگەیەنێتە ئاستێکی بەرەوپیشتر.
دابەشکاری حزبی و تائیفی ئاستەنگ لەبەردەممان دروست دەکات، سەرەڕای ئەو هەوڵە بەردەوامانەی کە بەرەو کرداری و زانستی راستەقینە دەنرێت، تا بگەین بە دەسەڵاتدارێکی دادپەروەرانە.
لە کاتێکدا کە بەرژەوەندی و دابەشکارییە حزبییەکان جێگەی ویستی نیشتمانی پێویست دەگرێتەوە، دەبێتە مایەی راگرتی هەوڵەکانمان بەرەو پێشەوە و نیشتمانەکەمان توانای دەرفەتەکانی لەدەست دەڕوات، بۆ ئەوەی گەلەکەمان بگات بە ئامانجە رەواکانی.
بەدڵناییەوە خوشك و برایانی ئێمە بەبێ رووبەڕووبووونەوەی راستەقینە لەگەڵ ویژدان و گەلەکەمان ناتوانین بگەین بە ئاستی ویستی ئەم گەلە مەزنە، کە سەلماندی و دەیسەلمێنێت بە ئاگایە و سورە لەسەر بەدەستهێنانی ئەوەی کە شایستەیەتی لە پێگەیەکی پێشکەوتووی رەسەن.
رووبەڕووبوونەوەی داواکارییەکان پێویستە لەسەرمان بەدواداچوونی هەنگاوە جدییەکان بکەین نەك دروشم و بەڵێن و ویستەکان.
گەل داوای دای کۆمەڵایەتی و ئازادی و ئاسایش و دەرفەتی کار و خزمەتگوزارییە پێویستەکان دەکات، ئەم داواکارییانەش ئەستەم نییە بەدیهێنانیان، بەڵکو ئەوە لە کرۆکی بەرپرسیارێتییە، کە هەر دەوڵەتێك نوێنەرایەتی گەلەکەی بکات و بەرگری لێبکات.
گەنجانی عیراق، ئێوە ئومێد و ئامرازی ئێمەن بۆ هەر گۆڕانکارییەکی راستەقینە کە بگات بە عیراقی خۆشگوزەران هێزی زامنن بۆ ئاسایش و ئۆقرەیەکی کە تیایدا هەمووان بە ژیانێکی ئازادو شکۆمەند شادبن نەک شەرعییەتدان بە هیچ پرۆسەیەکی سیاسی و سیستەمێکی سیاسی، کە کار نەکات بۆ بەدیهێنانی داواکاری و پێداویستییەکانتان لە وڵاتێکی شکۆمەندا، ئەوە ئەرکی ئێمەیە و پشتیوان بە خوا هەرگیز پاشەکشەی لێناکەین.
خۆپیشاندانە هێمنانەکەتان بپارێزن و رێگە نەدەن ئاژاوەگێڕان ئەم نیشتمانەتان لێ بەرێت، رێگە نەدەن هیچ کەس خەون و داواکارییەکانتان لێ بەرێت، ئێمە لێرە رێز و ستایشی خۆمان بۆ پێشنیازەکانی مەرجەعیەتی ئاینی دووپات دەکەینەوە، کە لە رێگەی وتار و ئامۆژگارییەکانەوە کێشە کەڵەکەبووەکانی دەستنیشان کرد و هۆشداریدا لە بارەی مەترسی پشتگوێ خستن لە چاکسازی و خزمەتکردنی هاونیشتمانیان، رێز و ستایش و پێزانینمان بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی حكوومهت ههیه، کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەکەبووەکان دران، کە پەیوەست و پەیوەنددارە بە ویستی سیاسی لێکدابڕاو، لە روانگەی ئەوەی کە سەرۆکایەتییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەران لە دەستپیشخەری و هەنگاوی عەمەلی پیشکەشیان کرد، بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری خۆپیشاندەران، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو دیالۆگ و گفتوگۆ جدییانەی کە لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرکردەی سیاسی و نیشتمانیی و رێکخراوی مەدەنی و چالاکییە کۆمەڵایتەییەکان پێشکەشکرا، رێزو ستایشمان بۆ هەڵوێستی موقتەدا سەدر ههیه، کە داوای وەستانی رژاندنی خوێنی عیراقییەکانی کرد و سوربوو لەسەر دۆزینەوەی چارەسەکردنێکی ریشەیی بۆ کێشەکانی خەڵك.
لێرەوە چەند خاڵیك پێشنیاز دەکەم بەمەبەستی دەسپێکی هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانیان لە ماوەیەکی دیاریکراوی کورتدا کە بریتین لە:
یەکەم:
کردنەوەی لێکۆڵینەوەی دادوەری بۆ هۆکارەکانی توندوتیژی کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو روویاندا و گرتنەبەری رێوشوێن و بڕیاری جدی بۆ دیاریکردنی ئالیاتێك لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی لەم جۆرە لە ناڕەزایی و رێگرتن لە پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێز لەسەر بنەمای رێکكاری پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزی و پارێزگاریکردن لە مافی هاونیشتمانیان لە خۆپیشاندانی هێنانەدا، پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان لێپێچینەوە لەوانە بکەن کە بەرپرسیاره له رشتنی خوێنی عیراقییەکان.
دووەم:
وەك وەلامدانەوەیەك بۆ داواکاری مەرجەعی ئاینی کار دەکەین بۆ پشتیوانی کردن لە پێکهێنانی لیژنەیەك لە پسپۆڕانی سەربەخۆ لە کەسایەتییەکانی خاوەن تواناو پاك و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر بنەمایەکی بەهێز، لە پێشیشیانەوە رۆڵەکانمان لە خۆپیشاندەران، ههورهها لە چوارچێوەی سەرۆکایەتییەکان و هێزە سیاسییەکان کار دەکەین بۆ زامن کردنی ئەوەی کە ئەو لێژنەیە بە کۆدەنگی نیشتمانی بێت و کەشێکی لەبار برەخسێنرێت بۆ کارپێکردنی بە بێ دەستوەردانی سیاسی، تاکو بتوانێت کێشەکان دیاری بکات و چارەسەری گونجاو دابنرێت وەك دەسپێکێك بۆ پرۆسەی چاکسازی بە ئاگاداری و پشتیوانی مەرجەعییەت و گەلەکەمان، دەرەنجامەکانی کاری لیژنەکە بە ماوەیەکی دیاریکراو دەربچێت و هەنگاوی جدی و نەخشەرێگای پێویست دابنرێت تا کاری لەسەر بکرێت، سەرۆکایەتی کۆماریش هەموو هەولەکانی دەخاتە گەڕ بۆ سەرخستنی ئەو هەولانە.
سێیەم:
کردنەوەی دیالۆگی سیاسی گشتگیر و راشکاوانه لەسەر بنەمای پێکهێنانی پێکهاتەیەکی نیشتمانی، کە پشتیوان و نوێنەری هەنگاوەکانی چاکسازی بێت، کە دەرەنجامی لیژنە پیشنیازکراوەکە لەلایەن مەرجەعیەتی باڵ او رێوشوێنە تەشریعی و حکوومەییەکان لەخۆبگرێت، گوشار و کاردانەوەی سیاسی دووربخاتەوە و پشتیوانی حکوومەت بێت بە ئاراستەی هەنگاوی کارا بۆ بەکژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.
چوارەم:
پشتیوانیکردن لە چاکسازی و گۆرانکاری وەزاری کرۆکی بۆ باشترکردنی ئەدای حکوومی و کاراکردنی ئەو رێوشوێنانەی کە هەنگاوێکی جۆری دەنیت، لە باشترکردنی ئەدا و خزمەتگوزارییەکان لەپێناو تەواوکردنی پرۆژەی دەوڵەت و هەڵسانەوەی دامەزراوەکانی و پارێزگاریکردن لە شکۆ و شەرعییەت و رۆڵەکەی لە خزمەتکردنی خەڵکدا.
پێنجەم:
کاراکردنی رۆڵی دادگای تایبەت بە پرسهكانی دەستپاکی و دەستەبەرکردنی کەشێکی لەبار بۆ کارەکانی بەشێوەیەکی سەربەست و رادەستکردنی تەواوی دۆسییەکانی گەندەڵی بۆ یەکلایکردنەوە لە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراودا، کە بەبێ جیاوازی هەمووان بگرێتەوە، ههروهها پارێزبهندی لەم دۆسییانەدا هیچ لایەن و کەسایەتییەك نەگرێتەوە لەگەڵ کارکردن لەسەر گێرانەوەی دارایی گشتی.
شەشەم:
پشتیوانیکردن لە بەڵێننامەکانی حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان پێگەیشتووە و کارکردن بۆ رەوانەوەی ئەو پێشێلکارییانەی کە بە جۆرێك بە گەلەکەمان گەیشتووە، یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوون بەدەست بێنن و راگرتنی پێشێلکارییەکان لەسەریان پێش ئەوەی قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوان بکرێت، ههروهها هەڵگرتنی پیشێلکارییەکان و حزب و کۆمپانیا و هێزەکان، کە پەیوەستن بە دامەزراوەی دەڵەتەوە لەسەرتاسەری عیراق، هەروەها رێسا و رێوشوینی جێبەجێکاری پێویست بۆ دەرفەتی کار و پێسکەشکردنی بەخشینی دارایی بۆ ئەوانەی بێ کارن و سەرپێ خستنەوەیان، بە تایبەت دەرچووانی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەکان، جگە لەمانەش ئەو رێكکارانەی کە ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوی کردەوە، کە بریتییە لە دەستپێشخەری ئابووری و خزمەتگوزاری خێرا.
حەوتەم:
پشتیوانیکردن لە پەلەکردن بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی خزمەتگوزاری ئیتیحادی لە کەسانێکی سەربەخۆ، کە لەماوەی یەك مانگدا دەستبەکار بن بۆ دانانی رێوشوێن بۆ داواکارییەکانی دامەزراندن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و پێشینەی دامەزراندنەکانیش بدرێت بە دەرچووان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان، هەروەها پێداچوونەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی گشتگیر بۆ رێکار و رێکخستنی ئالیاتی دامەزراندنی حکوومی کە رێگری بکات لە مەحسوبیەت و گەندەلی لەم دۆسییەدا، سەرەرای ئەوانەش دانانی پلانێکی خێرا کە لە بودجەدا پلەی کار و میلاك دابنرێت.
هەشتەم:
پێداچوونەوە بە قانونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن بداتەوە و هانی هاوولاتیان بدات بەشداری بکەن و قانونی نوێش دەربکات، کە لەگەڵ ویستی نیشتمانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بێتەوە، سەرۆکایەتی کۆمار ئەرکی پێکهێنانی تیمێکی گفتوگۆی نیشتمانی دەگرێتە ئەستۆ، بۆ بەدواچوونی ئەم دۆسییە بە یارمەتی شارەزایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەکان، کە تیایدا بەرزترین ئاستی شەفافی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەدەست بێت.
نۆیەم:
دەستکردن بە کردنەوەی دیالۆگی نیشتمانی بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرە پێویستەکان بۆ ئەو کێشانەی لە مەنزومەی سیاسیدا هەیە و بەربەست دروست دەکات لەبەردەم پرەنسیپی حوکمێکی دادپەروەرانە، کە ببێتە مایەی یەکڕیزی نیشتمانی.
ئازیزان و خۆشەویستانم
رۆڵەکانم لە ریزی خۆپیشاندەران لەپیناو مافە رەواکان
داواتان لێدەکەم بەشداربن لە دیالۆگی بنیاتنەر و راستەقینە لە چوارچێوەی مەنزومەیەکی نیشتمانی راستگۆ و سوور بێت، کە تیایدا داواکارییەکانی گەل لەخۆبگرێت بەرە و هەنگاوەکانی چاکسازی و رێکخستنی دیداری راستەوخۆ و رۆژانە لەگەڵ لاوەکانمان لە هەموو شارەکان، لەپێناو راوێژ و گفتوگۆکردن لەگەڵیان لەسەر چاکسازی و حوکمێکی دادپەروەرانە و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە هەمووان هەوڵی بۆ دەدەن.
داواکارم پەرەسەندنەکان رابگیرێن و چاوەروانی دەرەنجامی ئەو هەنگاوانە بین، کە لەلایەن تەواوی لایەنە بەرپرسەکانهوه گیراونەتە بەر بۆ وەڵامدانەوە و داواکارییەکانی گەل.
با بەس بێت بەریەککەوتنەکان..
با بەس بێت خوێنی عیراقییەکان..
با بەس بێت هەتیوبوون و بێوەژن بوون..
عیراق زۆری چەشت بەدەست توندوتیژی و گۆڕی بە کۆمەڵ و وێرانکاری و ئەنفال و جەنگەکان و گەمارۆ و تێرۆر…
جیهان ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئێمە لە قۆناغی راگوزەرداین و پرۆسەی بنیاتنانەوەی ولاتەکەشمان لەپێشینەی کارەکانمان دەبێت.
نامانەوێت عیراق ببێت بە سوکماکی ناکۆكی کەسانی تر و نەشبێتە مەیدانێك بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان.
گەنجان و گەلەکەمان مافی ئەوەیان هەیە گوزارشت لە بیروڕاکانیان بکەن، دەستوور رێگەی بەوە داوە و هەر زەوتکردنێکی ئەو مافە جێگەی قبوڵ نییەو نا دەستورییە.
خۆپیشاندانی هێمنانە مافێکی دەستووری و دیموکراتی بەدەست هاتووە ،گەلەکەمان ئەو مافەی هەیە پەیڕەوی بکات، بەداخەوە تاوانکاران و ئاژاوەگێڕان رێگەیان نەدا مومارەسەی ئەو مافەی خۆیان بکەن و خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی دەسترێژی گوللـەی ئەو تاوانکارانە بوونەوە، ئەوان دوژمنی ئەم نیشتمانەن، ئەوان دوژمنی گەلن، پێویستە پێکەوە بوەستین بۆ رێگریکردن لە بەدیهێنانی مەرامە گڵاوەکانیان.
ئەرکی راگەیاندنە، کە بەرپرسیارێتی گواستنەوەی هەواڵەکان بە بێلایەنی و دوور لە هەر هاندانێك بگوازنەوە، بەڵام ئەوەی بەشێك لە کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن لە تۆقاندن رووبەڕووی بوونەوە، قبوڵنەکراوە و دەستووری و قانونی نییە و گورزێك له بەهای عیراقی دەستووری دەوهشێنێت.
پێویستە دان بەخۆداگرتن و رێگریکردن لە پەرەسەندن و پارێزگاری کردن لە مەیدانی گفتوگۆکان لەنێوان رۆڵەکانی یەك نیشتمان بکرێت و رێگری بکرێت لە بیانییەکان دەست وەربدەنە دیالۆگی نیشتمانییمان.
رۆڵەکانی گەلە شکۆمەندەکەمان
گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانە دوایین وێستگە نابێت بۆ زامنکردنی داواکارییەکانی گەلی عیراق، بەڵکو کەشێکی لەبار دەرەخسێت بۆ چاکسازی راستەقینە کە جێبەجێکردنی ئەم رێوشێنانە نایەتەدی، بەبێ چاودێری گەل و بەدیهێنانی ئازادی و شەفافیەت لە ئاڵوێری زانیارییەکان و زامنکردنی ئازادی راگەیاندن.
با وڵاتەکەمان بپارێزین و رێز لە ویستی گەلەکەمان بگرین، گەل خاوەن بڕیارە لە دیاریکردنی ئەوەی کە دەیەوێت کاروبارەکانی بەڕێوەبەرێت، بڕیار بڕیاری گەلە، شەرعییەت شەرعییەتی گەلە، دیموکراسیەت ئامرازێکە بۆ جێبەجێکردنی ویستی گەل.
بەزەیی و لێبوردەیی بۆ شەهیدەکانمان و چاکبوونەوەی هەرچی زوو بۆ بریندارەکان دەخوازین
هەموومان رۆڵەی یەك نیشتمانین
هەموومان بۆ عیراقین
بۆ ئۆقرەیی و پارێزگاریکردن لە رۆڵەکانی
خوا بتان پارێزێت
سڵاو و سەلامی پەروەردگارتان لێبێت
https://www.facebook.com/kurdistan24.official/videos/2203614629936593/?t=2