بەبەڵگەوە: باسەوانێكی سروە عەبدولواحید چەند نهێنیەكی ئاشكرا دەكات

خواكوڕك

پاسەوانێکی (سروە عەبدولواحید) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەێنێت، لە مانگی (8)ی ساڵی ڕابردوەوە، وەک پاسەوانی ئەو پەرلەمانتارە دامەزراوە بەڵام دەوام ناکات، ئاشکراشی دەکات “مانگانە گرێبەستەکەم (930) هەزار دینارە، ئەوە بۆ (7) مانگ دەچێت، هەموو مانگێک (200) هەزار دینارم بۆ دەنێرێت”.

محەمەد فازل ئەحمەد، یەکێکە لەپاسەوانەکانی (سروە عەبدولواحید) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان، کە خەڵکی قەزای کەلارە ڕایگەیاندووە: ئەو وەک یەکێک لەو (30) پاسەوانەی ئەو پەرلەمانتارە دامەزراوە، گرێبەستەکەشی بڕی(930) هەزار دیناری عێراقی بووە، ئاشکراشی دەکات، ئەویش وەک بەشێکی دیکەی پاسەوانەکان دەوامی نەکردوە، وەک خۆی دەڵێت “بندیوارم”. ئەو پاسەوانەی پەرلەمانتارەکە باس لەوە دەکات، لە رێگەی دروستکردنی بریکارنامەیەک (وەکالە)، پەرلەمانتارەکە مووچەکەیان وەردەگرێت، مانگانەش بڕی (200) هەزار دیناریان پێدەدات. باسی لەوەش کرد، ئەو پەرلەمانتارە هەموو ئیمتیازاتەکانی دیکەی ئەو پاسەوانە بندیوارانە بۆ خۆی وەردەگرێت.

محەمەد فازڵ دەشڵێت “ئێمە وەک بندیوارین و تەنها ناومان تۆمار کراوە، بەڵام مانگانە لە بری ئێمە مووچەکە وەردەگرێت، چەند جارێکیش داوام لێکردووە بڕی مووچەکەم بۆ زیاد بکات، بەڵام هەڕەشەی لێکردووم و پێی گوتووم دوورت دەخەمەوە لەسەر کارەکەت”.

ئەوپاسەوانە ئاشکراشی دەکات “چەند جارێکیش ئەو داوایەم لێ دووبارە کردوەتەوە، بەڵام بە هەمان شێوە وەڵامی داومەتەوە”.“لە رێگەی کەسێکەوە ئەو پارەیە بەسەر پاسەوانە بندیوارەکاندا دابەش دەکات”.

بەپێی بەڵگەنامەیەک، سروە عەبدولواحید، بەپێی بریکارنامەیەک، خۆی کردوە بە وەکیلی ئەو پاسەوانە، پاسەوانەکەش باس لەوە دەکات “مانگانە لە جیاتی ئێمە بەو وەکالەتە مووچەکەمان وەردەگرێت”.

جێی باسە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر یەکەیان بۆی هەیە (30) پاسەوان بۆ خۆی دابمەرزێنێت.

15403055_551335188390584_1946475871_n

 

Back to top button