حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یێندراوێكی له‌ باره‌ی دواهه‌مین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بڵاوكرده‌وه‌

 

 

 

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و  داوا لە تورکیا دەکات وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێک نەهاوێژێت کاریگەری نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی چەکدارە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان هەبێت.

 

دەقی راگەیێندراوەکە:

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی زۆری خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ئارامی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و ئەو راپۆرتانەی باس لە ئەگەری هێرشی تاکلایەنەی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە دەکەن.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە تورکیا دەکات وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێک نەهاوێژێت کاریگەری نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی چەکدارە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان هەبێت.

 

دەرەئەنجامەکانی هەر گرژبوون و پێشهاتێکی سەربازی، کاریگەری بۆ دەرەوەی سنووری سوریاش دەبێت و لەوانەیە دۆخێک دروست بکات ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک. بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەکانی کێشەکە، بە هێزە کوردییەکانیشەوە، لە رێگەی گفتوگۆ و دایەلۆگەوە دۆخەکە هێور بکەنەوە.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە کێشەکان رێگەچارەیەکی سیاسی گشتگیریان بۆ بدۆزرێتەوە کە مافەکانی هەموو هاووڵاتییانی سوریا و لە نێویشیاندا کورد پارێزراو بن.

 

هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش قوربانییەکی زۆری داوە و ئێستاش میوانداری ملیۆنێک و سەد هەزار ئاوارە و دەربەدەر دەکات کە زۆربەیان لە دەست ئەو قەیرانەوە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە رێگا لە دروستبوونی لێشاوێکی دیکەی ئاوارەبوون بگرێت.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات، لە رێگەی چەندین کەناڵیشەوە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.

 

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠١٩/١٠/٨

Back to top button