سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر دەكات
ڕۆژی چوارشەممە ٩ـی١٠ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، بەتایبەت ئەگەری شەڕ و ئاڵۆزیی زیاتر لە باکووری سووریا، تاوتوێ كرا و هەروەها بیروڕایش لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵۆگۆڕ كرا.
لەكۆبوونەوەکەدا بە وردی باسی ئەو مەترسییانە کرا کە لەئەگەری ڕوودانی شەڕ لە باکووری سووریا دێنە ئاراوە و لەم بارەیەوە سەرۆک بارزانی داوای کرد فەڕەنسا وەک بەشێکی گرینگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە روودانی کارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری قووڵتربوونی نەهامەتی و ئازارەكانی گەلی كورد و هەروەها ئاییندە و چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیشان دا.