لەبارەی رۆژئاوایی كوردستان و ئۆپراسیۆنی توركیا حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستەسەر گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق و سووریا و رایگەیاند، ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن.
 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەپێویستی دەزانێت: “کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ناوچەکەدا نییە”.
 
لە بارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لەکاتێکدا پشتگیریی لە داوا رەوا و یاساییەکانی خۆپیشاندەران دەکەین کە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشکەشی بکەن، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
 
لە بەشێکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی دەربارەی ئامادەکاری و پێداویستییەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو ، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرا کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.
 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ، کوێستان محەمەد وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی دەربارەی پێشنیارەکانی وەزارەتیان بۆ پشتیوانی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، کە ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی هاندانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت لە رێگەی پاراستنی ماف و شایستەکانیان.
Back to top button