پارادایمی سەرۆك !بۆنی یەخەی جلەكوردییەكانی بارزانی
ئاری عەبدولەتیف
ئێستا بێ لام و جیم، كورد خاوەن سەرۆكێكی پارادایمیی و نێودەوڵەتیی ئیرادەخوازە، پاش نامە و وەڵامە پڕ ئیرادە و كوردخوازییەكەی (كاك مەسعود بارزانی)، بۆ سەرۆكی زلھێزی جیھان (دۆناڵد ترەمپ)، كە پێی وت كورد مردوو نییە، خاوەنی ھەیە.
ئێستا ئیتر بە تەواوی بۆنی سەرۆك لە یەخەی جلە كوردییەكانی بارزانی دەكەم، ھەست دەكەم سەرۆكێكمان ھەیە توانای وەڵامدانەوەی نەترسانەی زلسەرۆكی دنیای ھەیە، لە كاتێكدا كەمجار دیومانە سەدان سەرۆكی دەوڵەتان بتوانن لە زەمی نەتەوەكانیاندا، بە ئاشكرا وەڵامی سەرۆكێكی وەك ترامپ بدەنەوە.
كورد لە ئێستادا بەس دەوڵەتی نییە، ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن و پەرلەمان و حكومەت و بینای جومگە دەسەڵاتییەكان و بە خۆماڵیكردن و ڕەسمییەتی نەوت و وزە و ھێزی سوپا و دەیان مقەوماتی تری نەتەوەیی و نیشتیمانیی، پێمان دەڵێن، كورد دەمێكە ئامادەی دەوڵەتسازییە بەس دۆستی نییە، دەوڵاتان پشتگیری ناكەن، لە بەرژەوەندیی بەرژەوەندییەكانیان نییە، سەرباری ئەو ھەموو دژایەتییە كە بە چركە ھەڕەشەن بۆ سەر كورد و خاكەكەی.
سەرۆك كە ھەبێت ئاسۆی دەوڵەتیش نزیكە، خەریكە گومان دەكەم نەیارەكانمان ئەگەر جارێك دژایەتیی نەتەوە بكەن سەدجار سەرۆكەكانمان ئەخەنە زائیدەكەوە و ناوچاویان ئەكەن بە باروت، ئاخر كورد كوا سەرۆكەكانی؟ ڕاستە مردن، بەس ئایا مردن یان كوژران، نەخۆش بوون یان نەخۆش خران؟
كورد دەبێت سەرۆكی خۆی خۆش بوێت و پشتگیریی بكات، دوور لە جیاوازیی فكر و ئایدۆلۆژیا و حیزبگەرا، ئەگەریش لە ناوخۆدا جیاواز بین دەبێت لە ئاست دەرەوەدا سەرۆك بە پێشەوا و دەمڕاست بزانین و پشتی بەرنەدەین، ئێستا كورد چەند سەرۆكێكی لە كەم كەمتری ماوە، مەزنەكانی ترمان ڕۆشتن، ئەویش لە ئێستادا ئەم بارزانییەیە كە با حیزبییانە لێی نەڕوانین و بە سەرۆكی مەرجەعی بناسێنین و لە دەركەوتە نەتەوەیی و بارە چارەنووسسازەكاندا سەپۆرتی ڕۆحیی و ئەخلاقیی بكەین.
ئەم وەڵامەی بارزانی بۆ ترەمپ ئەگەر تا سەر سنووریش نەڕوات، پێی وتین كورد بێخاوەن نییە، پێشمەرگە بێكەس نییە، ھێشتا یەكێك ماوە بە ناوی گەلێكی بێ شوناس و ئاڵا و بێ دۆستەوە، فریادڕەسە.
ئەم وتارەم ئەكەمە پشتگیرییەكی تەواوی نامەكەی بارزانی بۆ سەرۆكی ئەمریكا، وەك تاكێكی كورد نامەكەی بە ھی خۆم دەزانم، چونكە توانی بەناوی ھەموو كوردەوە وەڵامی زەم و لارزاریی ئەكبەر واحیدی ئەم دەور و زەمانە بداتەوە، ھیچیش نەبێت وشەكانی خوێنە بۆ دەماری ئیرادەی نەتەوە و خاكەكەمان.