ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە سەر دۆخی ئێستای رۆژئاوا

 

 

پەرلەمانی کوردستان داخوازە هەرچی زووتر کۆتایی بەم هێرشەی تورکیا بێت .

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان:

 

پەرلەمانی  هەریمی کوردستان، بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە لەشکرکیشی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەروانێت و داوا دەکەین هەرچی زووە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێنرین و لە ریگای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە کێشەکان چارەسەر بکرین.

 

دۆخی ناوچەکە هیشتا لە قۆناغیکی هەستیار و ناجێگیردایەو شەری تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتی و ناسەقامگیریدا دەژین و پیمان وایە ئەم لەشکرکیشیە نەک چارەسەری کیشەکان ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دوورتر دەخاتەوە.

 

داوا لە کۆمەڵگای نیوەدەڵەتی دەکەین، بە تایبەتی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا ، هەموو هیزو توانایان بخەنە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەو ریگرتن لە ناسەقامگیری زیاتر و هەولدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن.

 

بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە پەلامارێک دەکەین کە هاولاتیانی سیڤیل بە ئامانج بگریتلە هەر لایەکەوە بیت. پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی تەواو لە بوونی دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات لە سەر ئاستی هەریمایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی کیشەکانی ناوچەکە.

 

گەلی کوردستان، بە شانازییەکی زۆرەوە پیشەنگی خەبات و قوربانی بووە لە شکست پیهینانی تیرۆریستانی داعش و هینانەدی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی. بەردەوامی ئەم دۆخە نەخوازراوە سەربازییەی سەر رۆژئاوای کوردستان ، زەمینەی زیاتر بۆ تیرۆرسیتان دینیتە ئاراو دەستکەوتەکانی شەری تیرۆر لە ناو دەبات و بەوەش ئاشتی هەریمایەتی و جیهانی دەکەویتە بەردەم هەرەشەی جددیەوە.

 

پەرلەمانی کوردستان بەردەوام پشتیوانی چارەسەری ئاشتییانەو دیموکراسییانەی دۆزی رەوای خەلکی کوردستانە لە هەر پارچەیەک بیت.

 

داوا لەسەرجەم هیز و لایەنە کوردستانیەکان دەکەین، هەموو ناکۆکیەکی سیاسی بخەنە لاوەو لە سەر بنەمای حیکمەت و دووربینی سیاسی، پیکەوە لە خەباتی ئاشتییانەو دیپلۆماسیانەو مەدەنیانە بەردەوام بن بۆ کۆتایی هینان بەم دۆخە نەخوازراوە.

 

پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بە دواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکات و ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات.

پەرلەمانی کوردستان
Back to top button