بۆ مێژوو

 

زكری مووسا
هەر لەدەستپێكی بەهاری عەرەبی و قەیرانی سووربا هەتا هاتنی داعش و ئەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێ، كەس هێندەی سەرۆك بارزانی هەوڵی بۆ گەلی كورد لە سووریا نەداوە، لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانەوە بگرە هەتا یارمەتیی ڕاستەوخۆی چەك و پارە و هەوڵدان بۆ یەكڕیزی و كۆكردنەوەی هەموو لایەنە كوردییەكان.
1. هەردوو ڕێككەوتنی هەولێر و ڕێككەوتنی دهۆك كە بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی لەنێوان لایەنە كوردییەكان بەسترا، سەرۆك بارزانی ئامۆژگاریی هەردوو لایەنی ئەنەكەسە و تەڤدەمی كرد كە لە هەموو دۆخێكدا پێویستە پێكەوە بن، لەشەڕ و بەرگری و ڕێككەوتن لەگەڵ هەر لایەنێكی دەرەكی وسووریدا پێویستە پێكەوە بن. چونكە هێزی ئێوە لە پێكەوەبووندایە. بە داخەوە پەیەدە كە ڕێككەونەكانیشی ئیمزا كردبوو پشتی لە ڕێككەوتنەكان كرد و كەوتە گرتن و تۆقاندنی خەڵكی سەر بە لایەنەكانی تر.
2. لە شەڕی داعشدا لە دۆخی زۆر خەراپدا چەندین جار سەرۆك بارزانی چەك و پارەی داوەتە پەیەدە و بۆ پشتیوانیكردنیان هێزی لە ناوچە سنوورییەكان بە تایبەت لە تلكۆچەر جوڵاندووە لەدژی تیرۆریستانی داعش.
3. لە 21ـی 10ـی 2014ـدا لە ڕەبیعە سەرۆك بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆن كێری وەزیری دەروەی ئەمەریكا داوای كرد كە هێزە هاوپەیمانەكان پشتیوانی ئاسمانی بدەنە كورد لە ڕۆژئاوا و هەروەها قەناعەت بە توركیا بێنێت كە هێزی پێشمەرگە ڕەوانەی كۆبانێ بكرێت، ئەو داوایە پەسەند كرا و كۆبانێ ڕزگار كرا.
4. سەرۆك بارزانی فاكتەری سەرەكیی بووە بۆ ئەوەی لە مەحافلی دیپلۆماسی ئەمەریكا و ئەوروپا و ڕووسیا ووڵاتانی عەرەبیدا لایەنە كوردییەكان بە پەیەدەیشەوە قسەیان وەربگیرێت و بەشداری كونگرە و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە سووریا بن.
5. لە دۆخی دژواری ئێستایشدا سەرۆك بارزانی هەموو توانای خۆی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریكا و ڕووسیا بەكار هێناوە بۆ ئەوەی ڕێگە لەوە بگیرێت كارەساتی تر بەسەر گەلی كورد لە سووریا بهێندرێت لە لایەنە توركەكانەوە. لە دوایین هەوڵیدا داوای لە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا كرد كە سەرۆك پوتین نفوزی خۆی بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێ گەلی كورد تووشی نەهامەتی ببێتەوە.
6. بەردەوام لە دیدار و كۆبوونەوە و پەیام و نامەكانیدا بە لایەنە كوردییەكانی گوتوە بە پەیەدەیشەوە كە یەك بگرن و پەرتەوازە نەبن. دۆخە سەختەكانی بۆ ئەوان شی كردووەتەوە. پێی گوتونە ئەگەر لە دۆخی ئێستادا ڕژێمی سووریا سەربكەوێ ئەوە هیچ حسابێك بۆ كورد ناكەن و وەك لایەنی مونتەسەر (سەركەوتوو) مامەڵە دەكات. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەربكەوێ ئەوا ئەوانیش بەهۆی فكری شۆڤێنیانەوە ئیعتراف بە مافەكانی كورد ناكەن. ئەگەر دۆخەكە بە بێ سەركەوتنی هیچ لایەك بەردەوام بێت ئەوە توركیا پەلاماری كوردستانی سووریا دەدات. بۆیە ئەگەر كوردەكان یەك بن هیچ یەك لەو سێ سناریۆیە ڕوونادات و دەكرێ مافەكانی كورد لە سووریا گەرەنتی بكرێن. (ئەو وتانە لە 2016 بە لایەنە كوردییەكانی سووریا گوتراون).
7. كە ئەمەریكا چەك و سیلاحی بە پەیەدە دا و بەكاری هێنان بۆ شەڕ، ئامۆژگاریی سەرۆك بارزانی بۆ پەیەدە ئەوە بوو، كە یارمەتی وەربگرن بەڵام بە هیچ شێوەیەك بە بێ ڕێككەوتنێكی وازحی سیاسی لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر ئاییندەی كورد نەچنە ناو شەڕی بێ ئەنجام و لاوی كورد بە كوشت مەدەن. بەداخەوە ئەو ئامۆژگارییەیان بە هەند وەرنەگرت، تەنانەت كەوتنە دوژمنایەتی كردنی پێشمەرگەو هەرێمی كوردستان.
دۆخی سووریا ئاڵۆزە و زۆر دەستی تێدایە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ هەوڵدانە بۆ خنكاندنی كورد و زەوتكردنی خاكەكەی و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەكە كە دەرئەنجامی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە. بەشێكی ئەودۆخە دەگەڕێتەوە بۆ شۆڤێنیەت و دڕندەیی دوژمنانی كورد و بەشێكیتریشی بۆ خودی كورد و هەڵەكانی دەگەڕێتەوە بە تایبەت دەستێوەردان و تاكڕۆیی پەكەكە لە ڕۆئاوای كوردستان و تێكدانی یەكڕیزیی كوردان.
لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هێشتا درەنگ نییە، لەم دۆخە تڕاژیك و پڕ لە مەترسییەدا یەكبوونی كورد بەهێزترین چەكە و دەكرێ جێگەی ئومێد بێت.

Back to top button