ئیحسان عەبدولعەزیز: پێویستە به‌زووترین كات هەسەدە چەكدارە داعشەكان ئازاد بكات

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت،  ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەم ھێرشە سەربازییە ناڕەوایە نەوەستێنرێت، ئەوا پێویستە هەسەدە ھەموو ئەو چەکدارە داعشانەی زیندانیکراون لایان ئازادیان بکەن.
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز لەهەژماری خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیەتی، زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە سەربازییەی حکومەتی تورکیا دەکەم بۆ سەر برا کوردەکانمان لە رۆژئاوای کوردستان، ئەو جۆرە کارانە ھەرگیز ناتوانێت لە مافە رەواکانی میللەتەکەمان کەم بکاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، میللەتی کورد لە ھەر پارچەیەکی کوردستان لەسەر خاك و زێدی رەسەنی خۆیان زوڵم لێکراون، وە داوای مافی رەوای خۆیان دەکەن کە وەك نەتەوەکانی تر بژین بە ئارامی و یەکسانی، پێویستە زیاتر لە ھەمووکات ھەموو لایەك ھەموو جۆرە پشتگیرییەکی برایان و خوشکانی رۆژئاوای کوردستان بکەن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
ئیحسان عەلی عەبدلوعەزیز دەڵێت، داوام لە برایانی رۆژئاوا ئەوەیە بەزووترین کات ئینزاری ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بکەن ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەم ھێرشە سەربازییە ناڕەوایە نەوەستێنرێت، ئەوا ھەموو ئەو چەکدارە داعشانەی زیندانیکراون لایان ئازادیان دەکەن با خۆیان دوایی بڕۆن بیانگرنەوە، ئیتر بەسە ئێمە رۆڵەی خۆمان بکەینە قوربانی بەرژەوەندی بێگانە.
Back to top button