خۆپیشاندان لە دژی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەكرێت
خواكوڕك
لەدوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە میانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی سوكایەتی بە كەسوكاری پێشمەرگە كرد, وەكو ناڕەزاییەك لەبەرامبەر لێدوانی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان, وابڕیارە ڕۆژی شەممە ڕێپێوانێكی ناڕەزایی فراوان لەناو بازاڕی شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.
سروە عەبدولواحید، ژنە پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, لە میانی بەرنامەی (بە ڕاشكاوی)ی كەناڵی ئاسمانیی (دیجلە)، ئاماژەی بەوە داوە: ” ژنانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی خواردنی منداڵەكانیان دەستكەوێ، خۆیان دەفرۆشن”. كەسوكارانی پێشمەرگەو شەهیدانو ژمارەیەك چالاكوان و كەسایەتی شاری هەولێر لەدژی ئەو لێدوانەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان گردبوونەوەیەك ساز دەكەن.
لە ئێستادا لە زۆرێك لە ئەكاوەنتو پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاگادارییەكیان بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە ” ئامادەین بۆ رۆژی شەممە رێككەوتی (10-12-2016)) كاتژمێر (10:30) لە (باغی شار)ی ناو بازاڕی شاری هەولێر وەك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدان و خانەوادە سەربەزەكانیان و پشتگیری لە پێشمەرگە قارەمانەكان بەشدار بین لە سازدانی رێپێوانێك بۆ ئیدانەكردنی لێدوان و سوكایەتیەكانی پەڕلەمانتاری گۆڕان (سروە عبدالواحید)كە بەرامبەر بە خوێن و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان كردی” .