ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانەوە

خواكوڕك
لەدوای ئەوەی (سروە عەبدولواحید) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, لە كەناڵی (دیجلەی) عەرەبی سوكایەتی بە كەس‌و كاری شەهیدان و پێشمەرگە كرد, وتەكانی ئەم پەرلەمانتارە لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا, لە تازەترین كاردانەوە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدانەی لێدوانەكەی ئەم ژنە پەرلەمانتارەی گۆڕانیان كرد.

لە بەشێكی بەییانامەی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان هاتووە” حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەروبەندی جێبەجێكردنی پلانی (بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 1325) (ئافرەت، ئاشتی، ئاسایش) ــە بۆ پاراستن و چارەسەركردن و بەدواداچوونی ئافرەتان لە قوربانیانی نێو ململانێ سیاسییەكاندا، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەگەرمی و خەمخۆری و هاوسۆزییەوە شانیان داوەتە بەر جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێك دەنگی نامۆ و نەخوازراو لە ژنانی نابەرپرسەوە، هەوڵدەدەن لە شكۆی ژنانی شەهیدو خانەوادەی پێشمەرگەی پارێزەرانی كوردستان كەمبكەنەوە.

ئەنجومەنی باڵای خانمان دەڵێن:” ئەمە جگە لە نەبوونی هیچ بەهایەكی ئیتیكی دەست بردن بۆ كەسو كاری شەهیدانی سەربەرز هەرگیز قبوڵ نیە.

 

دەقی بەییانامەی ئەنجومەنی باڵای خانمانی كوردستان

ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانەوە
لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەروبەندی جێبەجێكردنی پلانی (بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 1325) (ئافرەت، ئاشتی، ئاسایش) ــە بۆ پاراستن و چارەسەركردن و بەدواداچوونی ئافرەتان لە قوربانیانی نێو ململانێ سیاسییەكاندا، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەگەرمی و خەمخۆری و هاوسۆزییەوە شانیان داوەتە بەر جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێك دەنگی نامۆ و نەخوازراو لە ژنانی نابەرپرسەوە، هەوڵدەدەن لە شكۆی ژنانی شەهیدو خانەوادەی پێشمەرگەی پارێزەرانی كوردستان كەمبكەنەوەو بە سواڵكردن و خۆفرۆشی لەپێناو پەیداكردنی نان تاوانباریان بكەن، ئەمە جگە لە نەبوونی هیچ بەهایەكی ئیتیكی بە دەستبردنیان بۆ ئەم چینە خۆڕاگرە، هەرگیز جێگەی قبووڵكردن نیە لە هیچ كەس و لایەنێكەوە، نەك تەنها ژنی شەهیدانی سەربەرز، بەڵكو بۆ تەواوی ئافرەتانی كوردستانیش. ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، ئیدانەی هەر جۆرە سوكایەتی پێكردنێك بە ژنانی كوردستان دەكات، بەتایبەتی خانەوادەی سەبەرزی شەهیدان و ژنانی پێشمەرگە.
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

Back to top button