هەسەدە: تەواوی گەڕەکەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانماندایه‌

ئەگەرچی تورکیا رایگەیاندووە سەرێ کانی و شارۆچکەی سلووکیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام هەسەدە رەتیدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، تەواوی گەڕەکەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیانە.

لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممەوە شەڕێکی قورس لەنێوان هەسەدە و سوپای تورکیا و چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سەرێ کانی و گرێ سپی هەیە. حکومەتی تورکیا دەڵێت، سەرێ کانی و گرێ سپی کۆنترۆڵکراوە، بەڵام هەسەدە دەڵێت کۆنترۆڵمانکردوونەتەوە، لە ڤیدیۆکانیشدا دەردەکەوێت، تورکیا بۆردوومانێکی چڕی سەرێ کانی دەکات.

هەسەدە هەروەها رایدەگەیێنێت: لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی قامشلۆ- حەلەب تیمێکی پزیشکی لەلایەن چەکدارانی سەر بە سوپای تورکیا دەستگیرکراون. هەروەها تورکیا کەمپی عەین عیسای بۆردوومانکردووە و ژیانی پەنابەرانی خستووەتە مەترسییەوە.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.

Back to top button